هاتوچۆ سزای دارایی بۆ ئەو شۆفێرانە راگەیاند هۆڕن و دەنگی بەرزی ئەگەزۆزیان هەیە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی عێراق دەستپێکردنی سزای دارایی بۆ ئەو شۆفێرانە راگەیاند، کە بەهۆی دەنگی بەرزی هۆڕن یان دەستکاریکردنی ئەگزۆزی ئوتۆمبێلەکانیان دەبنە مایەی بێزارکردنی هاووڵاتییان.
حەیدەر شاکر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی گشتیی عێراق رایگەیاند: “بڕی 50 هەزار دینار وەک سزای دارایی بۆ هەر شۆفێرێک دیاری کراوە زەنگی ئاگادارکردنەوە (هۆڕن) بە شێوەیەکی بێزارکەر بەکاربهێنێت، یان دەستکاریی ئەگزۆزی ئوتۆمبێلەکەی کردبێت و دەنگی بەرز و ناخۆش دەربکات.”
بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆ ئاماژەی بەوە کرد، ئەو دەنگانە لە شەقامەکاندا دەبنە هۆی بێزارکردنی پیادەڕەو و شۆفێرانی دیکە، هەروەها کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەروونی خەڵک دروست دەکەن، بۆیە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا بڕی سزاکان بۆ بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە روو لە هەڵکشان بکەن.
بەشێک لە هاووڵاتییانی بەغدا پێشوازی لە بڕیارەکە دەکەن و بە هەنگاوێکی گرنگی دەزانن بۆ کەمکردنەوەی ژاوەژاو، بەتایبەت ژمارەی ئوتۆمبێل لە شارەکەدا لە 5 ملیۆن تێپەڕی کردووە.
لەوبارەیەوە هاووڵاتییەک بە کوردستان24ـی گوت: “ئەم دەنگانە دیاردەیەکی ناشارستانییە و منداڵ و بەساڵاچووان بێزار دەکات، داواکارین سزاکان توندتر بکرێن”.
هاووڵاتییەکی دیکەش پێشنیاز دەکات جگە لە سزای دارایی، دەست بەسەر ئەو ئوتۆمبێلانەدا بگیرێت تا ئەو کاتەی دەنگە بێزارکەرەکە چاک دەکەنەوە.



