
گەنجێکی کاسبکاری هەولێر دوای ئەوەی ڕەتیدەکاتەوە بچێتە ژێر باری فێڵی کەسێک، ماوەی سێ مانگە ڕووبەڕووی هەڕەشەی کوشتن دەبێتەوە و داوای 30 ملیۆن دیناری لێ دەکرێت؛ ئاسایشی هەولێر داوا دەکات سکاڵا تۆمار بکات.
کاسترۆ دلێر، گەنجێکی کاسبکارە و ماوەی شەش ساڵە لە بازاڕی هەولێر خەریکی فرۆشتنی کارتە. لە ڕێککەوتی 19-11-2025 کەسێک بە جلی سەربازییەوە سەردانی دەکات و داوای لێ دەکات بڕی 300 هەزار دینار بۆ بەرنامەیەکی مۆبایل پڕ بکاتەوە. دوای ئەوەی کاسترۆ کارەکەی بۆ دەکات، کەسەکە دەگەڕێتەوە و بە بیانووی ئەوەی کارتەکان کار ناکەن داوای پارەکەی دەکاتەوە.
دوای بەدوداچوون کاسترۆ بۆی دەردەکەوێت کە کارتەکان بە سەرکەوتوویی داخڵ کراون و ئەو بەرنامەیەش کە پارەکەی بۆ نێردراوە، بەرنامەیەکی قوماری ئۆنلاین بووە. لەو کاتەوە و تاوەکو ئێستا کە سێ مانگی بەسەردا تێپەڕیوە، کەسەکە بەردەوامە لە هەڕەشەکردن.
کاسترۆ دلێر، رایگەیاند، بە ناوی هێزی جیاوازەوە هەڕەشەم لێ دەکات، ئێستا داوای 30 ملیۆن دینار دەکات و هەڕەشەی کوشتنم لێ دەکات، وام لێهاتووە ناتوانم بە ئاسوودەیی کار بکەم.”
موقەدەم ئەردەلان فاتیح، وتەبێژی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند: “هەر کەسێک کێشەیەکی وای هەیە با سەردانی ئاسایش بکات و سکاڵا تۆمار بکات؛ ئێمە ڕاستەوخۆ پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ دەکەینەوە و دەست بە بەدواداچوون دەکەین، ڕێگە نادەین هیچ کەسێک هەڕەشەی لێ بکرێت.”



