
“هاوبەشانی ئاو سەرپشكن لە پێدانی كۆی گشتی قەرزی ئاو،یاخود كۆی گشتی پارەی دوایین خول”
ئاری ئەحمهد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: “لەمەودوا ئەو پسوولەی ئاو كە دەچێتە بەردەمی ماڵان سێ پارچەیە و هاووڵاتی سەرپشكە لەوەی كە كرێی ئاوی دوو مانگ دەدات كە بۆی دەداتەوە، یان كرێی ئەو دوو مانگە و قەرزی پێشوویشی دەداتەوە، لە بەردەرگای خۆی هاووڵاتی دەتوانێت هەم كرێی ئاو، هەم قەرزیش بداتەوە، یان بەتەنیا كرێی ئاوەكە بدات.”
ئاماژەی بەوەش دا: “ئەو بڕیارە بۆ كارئاسانیی زیاتر و سووككردنی ئەركی سەرشانی هاووڵاتییە، هەر قەرزێكیش لە بەردەرگا بیدەنەوە لەسەر كۆی گشتیی قەرزەكەی كەم دەكرێتەوە.”
جەختی كردەوە: “لەو كاتەی كارمەندانی تایبەت بە سستەمكردن و كۆكردنەوەی كرێی ئاو لەلایەن كۆمپانیا دیاریكراوەكان دێنە بەردەم ماڵەكانیان، یاخود شوێنی كاریان كە تۆڕی ئاوی خواردنەوەی پێ گەیشتووە، هاووڵاتییان لەو بڕیارە سوودمەند دەبن.”



