محەمەد حاجی مەحمود: “داوا لە ھەمولایەک دەکەم، ئەم مەھزەلەیە ڕابگیرێت”

دوای ئەوەی گۆڕانکاریانەی نا دەستوریەی لە لایەن بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە 25ی 5ی 2023 دژی هەرێمی کوردستان، لە سەر پڕۆژە یاسای بودجە ئەنجامدران، کاردانەوەی حکومی و حزبی زۆری بەدوای خۆی داهێنا.
محەمەد حاجی مەحمود، سکرتێری حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، “ئەوەی ئێستا لە بەغدا دەگوزەرێت دەرکەوتنی ڕوی ڕاستەقینەی حکومەتی عێراقە بەرامبەر ھاونیشتیمانییانی کوردستان، کە خۆی لە وشکردنی سەرچاوەی ئابوری و دارایی و ڕێگەگرتن لە ھەناردەی نەوتی ھەرێم و ڕێگریکردن لە ھەناردەی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان بۆ ناوەند و دەستبەسەرداگرتنی ماڵوموڵکی ھاوڵاتییانی کورد لە ناوچە دابڕاوەکان و گوێنەگرتن بۆ داوا ڕەواکانی میللەتەکەمان و نەناردنی بودجە و موچە بۆ ھەرێم، لە تازەترین پێشھاتدا لە بازگەکانی حکومەتی عێراق لە کەرکوک ڕێگری لە ھەناردەی بەروبومی جوتیارانی کوردستان کراوە بۆ شارەکانی عێراق و گەڕێنراوەتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ھەمو ئەوانە، ئاماژەی رونن کە عێراق کورد و خەڵکی ھەرێمی کوردستان بە ھاوڵاتی عێراقی نازانن، “بۆیە جەختدەکەینەوە، قبوڵکردنی ئەو دۆخە و ڕازیبون بەگەڕانەوە بۆ چوارچێوەی سەرەتا و سفر خیانەتێکی گەورەی نەتەوەیی و نیشتیمانی و ئەخلاقییە، نابێت چیتر قبوڵبکرێت و ئێمە بە ھەمو شێوەیەک ڕەدی دەکەینەوە”.
محەمەد حاجی مەحمود دەڵێت، “داوا لە ھەمولایەک دەکەم، ئەم مەھزەلەیە ڕابگیرێت، دامودەزگا شەرعی و قانونییەکانی ھەرێمی کوردستان و ھێزو و لایەنە سیاسییەکان و چارەنوسی میلەتێک نەخەنە بەردەستی ناحەزان، ئێمە سوربونی خۆمان دوپاتدەکەینەوە لەسەر ھەڵوێستی نەگۆڕی نەتەوەیی و نیشتیمانی و بەرگری لە خاک و خەڵک و بەرھەمی خوێنی شەھیدان و کیمیاباران و ئەنفالکراوان”.
ئەوەشی خستوەتەڕو، “ھیوادارین، حکومەتی ھەرێم و پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی ھەرێم و قەزایی کوردستان بەئەرکی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆیان ھەستن و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەدا بکەن”.