
شەوی رابردوو 23/8/2023 رووداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەیەك ناوخۆی روسیاو جیهانی بەخۆوە سەرقاڵ كرد، كاردانەوەی زۆری دروست كرد. كاردانەوەكانی ئەو رووداوەش بەردەوامی هەیە.
فڕۆكەكە لە هەرێمی تڤێر لە روسیا کەوتە خوارەوە و تێكشكا، كە 10 کەسی تێدابوو، بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكان هەموو سەرنشینەكانی گیانیان لە دەستداوە.
ئاژانسی فڕۆکەوانی روسیاش رایگەیاند، یەڤگنی پریگۆژین سەرۆکی گروپی ڤاگنەر لەناو فڕۆكەكە بووەو بەهۆی رووداوەكەوە گیانی لە دەستداوە.
ئاژانسەكە راشیگەیاند، تا ئێستا تەرمی تەنیا چوار سەرنشینی فڕۆکەکە دۆزراونەتەوەو گەڕان و لێكۆڵینەوە بۆ تەرمەكان و هۆكاری كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەش بەردەوامی هەیە.
هاوكات چەناڵی Grey Zone لە تەلەگرام، کە نزیکە لە گروپی ڤاکنەر ئاشكرایكردووە، كە دانیشتووانی ئەو ناوچەی فڕۆكەكەی لێكەوتووەتە خوارەوە، پێش ئەوەی فڕۆکەکە بکەوێتە خوارەوە گوێیان لە دوو دەنگ بووە، كە ئەمە گومانی ئەوەی زیادكردووە، فڕۆكەكە كرابێتە ئامانج و تێكشكێنرابێت، نەك خۆی كەوتبێتە خوارەوە.
لەلایەكی تر، ئەپڵیکەیشنی FlightRadar24 ، كە تایبەتە بە شوێنپێهەڵگرتن و فڕینی فڕۆكەكان، هیچ نیشانەیەكی تێدا نییە ئەو فڕۆکەیە لەکوێوە هەستابێت و بەرەو كوێ چوو بێت، بەڵام سەرچاوە هەواڵییەكان باس لەوە دەكەن، كە فڕۆكەكە لە مۆسكۆی پایتەختی روسیاوە بەرەو سانپترسبۆرگ فڕیوەو لە ناوەڕاستی گەشتەكەدا كەوتووەتە خوارەوە.
گروپی ڤاگنەر، گروپێکی کەرتی تایبەتی سەربازی روسیا بوو، كە چەند ساڵێكە لەگەڵ سوپای روسیا لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات كار دەكەن. زیاتر لە ساڵێكیشە لەگەڵ ئەو سوپایە لە ئۆكرانیا شەڕی دەسەڵاتی كێف دەكەن، كە سەرۆكەكەیان یەڤگینی پریگۆژینە.
ئەو گروپە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە دژی ڤلادمێر پوتین سەرۆكی روسیا جوڵەیان بەرەو مۆسكۆ كردو سەرۆكی ئەو وڵاتەش ئەوەی بە كودەتا نابردو رایگەیاند، لێخۆشبوون بۆ ئەو كەسانە نییە، كە خیانەتیان كردووە.
پریگۆژین، یەكەم كەس بوو لەلایەن پۆتینەوە تۆمەتباركرا بە خیانەت و هەڵگەڕانەوە، سەرەڕای ئەوەی زوو كۆتایی بە جوڵە سەربازییەكەی بەرەو مۆسكۆ هێناو چووە وڵاتی بیلاروسیا، بەڵام زۆرینەی سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، پۆتین هەر تووڕە بووە لێی و ئەم رووداوەش پەیوەندی بەو تووڕەبوونەوە هەیە.



