
سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بڕوانامەی نێودەوڵەتیی بەڕێوەبردنی جۆری (ئایزۆ)ی وەرگرت كە بەشێكە لە هەوڵەكانی چاكسازی و باشتركردنی پرۆسەكانی كاربەڕێوەبردن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (24/8/2023) عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند: خۆشبەختانە بە هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆری تیمەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر، توانیمان وەك یەكەم شارەوانی لەسەر ئاستی هەموو عێراقدا، بڕوانامەی ئایزۆ بەدەست بهێنین كە هەنگاوێكی تر بەرەو بەڕێوەبردنی پێشكەوتوومان دەبات.
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەمڕۆ لەلایەن ئەو لایەنە جیهانییەوە بڕوانامەی ISO:9001:2015 وەردەگرین و بەڵێن دەدەین زیاتر پابەندی بەسیستمەمكردنی بەڕێوەبردنی كارەكانمان بین.
پێشتر ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاندبوو: لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە ڕێنمایییە بەردەوامەكانی جەنابیان بۆ چاكسازیی كارگێڕی لە هەموو دامەزراوەكانی حكوومەتدا، ئێمە لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەستمان كرد بە بەسیستەمكردنی كارەكان بۆ ئەوەی لەمەودوا بە باشی و بەپێی ستاندەرە جیهانییەكان بەڕێوەبچن و بە خەڵكی هەرێمی كوردستان بڵێین حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چاكسازی و باشتركردنی پرۆسەكانی كاربەڕێوەبردن بەردەوامە.



