بەشێوەیەکی فەرمی لویس روبیالێس، بەهۆی ڕووداوی ماچکردنی جێنی هێرمۆسۆ، دەستی لە پۆستی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا نە کێشایەوە و بەردەوام دەبێت لە کارەکەی.
هەڵبژاردەی ئیسپانیا نازناوی جامی جیهانی ئافرەتانی بردەوە دوای ئەوەی بە گۆڵێکی بێ وەڵام شکستی بە ئینگلتەرا هێنا، کە یەکەم نازناویان بوو لە مێژوودا، لە کاتی لە مل کردنی میدالیاکانیشدا مشتومڕ دوای ئەوە دەستی پێکرد کە روبیالیس بە شێوەیەکی زیادەڕۆیی ماچی خانمە یاریزان جێنی هێرمۆسۆی کرد.
ماچەکەش نارەزایی زۆری لە ناوخۆ و دەرەوەی ئیسپانیای بەدوای خۆیدا هێنا و سەرۆکە ئیسپانیەکەیان بە ئەنجامدانی دەستدرێژی سێکسی تۆمەتبارکرد، باس لەوە دەکرا ناوبراو دەست لە پۆستەکەی بکێشێتەوە، بەڵام روبیالێس رەتیدەکاتەوە و بەردەوامدەبێت.
کەمێک لەمەوبەر لویس روبیالێس لەبارەی رووداوەکە بەمشێوەیە بۆ میدیاکان دوا: هێرمۆسۆم ماچکرد هەر وەک ئەوەی کچێکی خۆم ماچ بکەم، هیچ نیازێکی خراپم نەبوو.
پێش ئەوەی جێنی هێرمۆسۆ ماچ بکەم داوای رێگەپێدانم کرد، گوتی دەتوانیت ماچم بکەیت و خۆی رەزامەندی دەربڕی
جێنی منی لە زەوییەکە هەستاندەوە و باوەشی پیاداکردم، وایکرد جەستەمان لە نزیکەوە بەر یەکتر بکەوێت
لویس روبیالێس لە درێژەی قسەکانیدا بە دەنگێکی بەرز گوتی: دەستلەکارناکێشمەوە، دەستلەکار ناکێشمەوە، دەستلەکار ناکێشمەوە، دەستلەکار ناکێشمەوە، دەستلەکار ناکێشمەوە.
زۆر کەس بە درۆکانیان ستایشی خافێر تێباس و شوێنکەوتووانی دەکەن، کە گوایە پشتگیریان لە ژنان کردووە، بەڵام ئەوان گەورەترین بەڵای ئەم وڵاتەن
دەستلەکار ناکێشمەوە، دەرم دەکەن؟ چیمکردووە تا دەرم بکەن دوای ئەو هەموو خزمەتەی پێشکەش بە ئیسپانیام کرد.
لویس وتیشی: پێنج ساڵە تۆماتبارم دەکەن بە دزینی پارەی دەوڵەت و تۆمەتی دیکەش، نەیانتوانی هیچ بسەلمێنن چوونکە لە ژیانمدا یەک فلسم نەدزیوە
لە دادگاکان زیاتر لە 100 سکاڵام لەسەر تۆمارکراوە، لە رێگەی وشکانی و ئاسمانی و دەریاییەوە بەدوامەوەن، کەسانێک زۆر دڵتەنگن کە من لە ئیسپانیام
من بێتاوانم، تەنیا دەیانەوێت تاوانێکی کۆمەڵایەتیم بسەردا ساخ بکەنەوە
لەلایەن خۆیەوە جێنی هێرمۆسۆ خانمە یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا ئەو ماچەی روبیالێس زۆر بە ئاسایی دەزانێت و، بەیاننامەیەکی بۆ ئاژانسی ڕۆژنامەوانی ئیسپانیا ناردووە و تێیدا هاتووە: “ئەوە ئاماژەیەکی یەکتری تەواو خۆبەخۆ بوو بەهۆی دڵخۆشییە بێئەندازەی بردنەوەی مۆندیالیش بوو. من و سەرۆک پەیوەندییەکی گەورەمان هەیە، ڕەفتارەکانی لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو لەگەڵ هەموومان وەکو یەک بووە، هەروەها ئاماژەیەکی سروشتی سۆز و سوپاسگوزاری بوو، ناکرێت زیاتر لە ژێستێکی هاوڕێیەتی و سوپاسگوزاری، ئێمە مۆندیالمان بردەوە و ئەوەش گرنگترین شتە”.