
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاوى کردەوە، ئاگرێکى فراوان لە چەند گوندێکی سنووەی پێنجوێن کەوتۆتەوەو بەهۆیەوە ٢٠ هەزار دۆنم، پووش و پاوان و دارستان سووتان.
لە ڕاگەیەندراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاوی کردەوە، شەوى ٢٦ى ئەم مانگە ئاگرێکى فراوان لە گوندەکانى، هەرگێنە، شێخەڵمارێن، چەمەك لە سنوورى شارۆچکەى پێنجوێن کەوتەوە.
وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە بکەن، بەڵام بەهۆی ئاگرەکەوە ٢٠ هەزار دۆنم لە پووش و پاوان دارستان سووتاوە و زیانێکى زۆریش بە سرووشتی ناوچەکە گەیشتووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمساڵ ڕووداوەکانى ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان ڕووى لە زیادبوون کردووە و بە هۆیانەوە هەزاران دۆنم لە پووش و پاوان و ڕەز و باخ و دانەوێڵەی هاوڵاتییان سووتاون، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانیشەوە چەند کەسێک بە تۆمەتى ئاگربەردانی بە ئەنقەست دەستگیر کراون.



