وردەکاری بۆردومانکردنی کێڵگەی کۆرمۆر
لە سنوری ژێر دەستی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، دوو کاتیۆشا ئاراستەی کێڵگەی کۆرومۆر کرا.
شەوی چوارشەممە، کاتژمێر ۹ و ٥۰ خولەک دوو کاتیۆشا ئاراستەی کێڵگەی کۆرومۆری ناحیەی قادرکەرەم کرا. بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و یەکێک لە کاتیۆشاکان لە نزیک بیری B17ی بەشی پەرەپێدراوی نوێی کێڵگەی کۆرمۆر کەوتووەتە خوارەوە.
بەپێی زانیارییەکان، دوای کەوتنە خوارەوەی کاتیۆشای یەکەم زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا، بەڵام موشەکی دووەم نەگەیشتووەتە کێڵگەکەو لە نزیک گوندێکی تەنیشت کێڵگەکە کەوتووەتە خوارەوە.
بەپێی بە دواداچونەکان، هەردوو کاتیۆشاکە لە گۆڕستانی ئیمام حەسەنی سەر قەزای دووزەوە ئاراستەکراون. ئەو شوێنە لە ژێر دەستی سوپای عێراق و حەشدی شەعبیدایە و دەنگی هەڵدانی هەردوو کاتیۆشاکە لە ناوەندی قەزای دووز بیستراوە و دوای بیستنی دەنگەکە سوپای عێراق و پۆلیس ڕۆشتوونەتە گۆڕستانەکەو دەستیان بەسەر سەکۆی موشەکەکان و موشەکی سێیەمدا گرتووە. بەڵام لە کاتی پوچەڵکردنەوەی تەقیوەتەوەو زیانی گیانی نەبووە.
دوای کەوتنە خوارەوەی موشەکەکان هێزێکی فەوجی چواری کۆماندۆی یەکێتی بەئاڕاستەی ڕێگای ”دووز- قادرکەرەم” جوڵێنراون و لە پشتی کێڵگەی کۆرمۆر بڵاوەیان پێ کراوەو سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لە بازگەی خڕ وەلی تا قادرکەرەم خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی.
بەپێی زانیارییەکان، پڕۆسەی بەرهەم هێنانی غاز نەوەستاوەو بەردەوامە و هێزێکی زۆر لە چەمچەماڵەوە بۆ کێڵگەی کۆرمۆر بەڕێکراوە.