
سبەینێ چوارشەممە ٦/٩/٢٠٢٣ ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و دوو پێشنیاز لەبارەی چۆنیەتی دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەران تاوتوێدەکات.
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، تائیستا ھیچ برە پارەیەک لەبەغداوە بۆ ھەرێم رەوانە نەکراوە و ھەرکاتێک پارەکەی بەغداد بگات بەشێوەیەکی رەسمی رایدەگەیەنن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا دوو پێشنیاز بۆ دابەشکردنی موچە تاوتوێدەکرێن،
بریتین لە دەستکردن بە دابەشکردنی موچە لەو وەزارەت و فەرمانگانەی موچەیان کەمە، یاخود دواخستنی دابەشکردنی موچە تا ئەو کاتەی بەداھاتی ناوخۆ و پارەکەی بەغداد بڕی پارەی پێویست بۆ موچە بەردەست دەبێت.
بەپێی زانیارییەکان لەگەڵ تاوتوێکردنی دابەشکردنی موچە و ھەڵسەنگاندنی داھاتی ناوخۆ، رەوشی کەرکوک و ئەگەری سەردانی شاندی ھەرێم بۆ بەغداد تاوتوێدەکرێن.