
ئاسۆ حاجی یاریدەدەری سەرۆكی فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێم لەبارەی ناردنی نامە بۆ جۆ بایدن لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانەوە رونكردنەوەی دا .
ئاسۆ حاجی دەڵێت “ئەو بابەتەی ئەلمۆنیتەر بڵاوی كردۆتەوە، كە گوایە جەنابی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی نامەیەكی بەو ناوەڕۆكە ئاراستەی جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكای كردووە، دوورە لە ڕاستی و هەرگیزنامەیەك بەو ناوەڕۆكە ئاراستەی هیچ سەرۆك و لایەنێك نەكراوە، بەڵكو ئەوە بابەتێكی هەڵبەستراوەی پێشەكی پارە دراوە، وەك سەدان بابەت و چیڕۆكی دیكەی هەڵبەستراو دژی قەوارەی دەستوری كوردستان و سەرۆك وەزیرانەكەی”.
دەشڵێت “ئەو میدیا كوردیانەی كە بابەتەكە گەورەتر دەكەن و بە ناونیشان و شێوازی جۆراوجۆر بڵاوی دەكەنەوە، درێژكراوەی هەمان هەوڵ و ئەجێندان كە لە دژی خەڵكی كوردستان وەگەڕ خراون”.
ئاماژە بەوەشكراوە “زۆر نزیك و دوور نا، ڕاستییەكان ئاشكرا دەبن، وەك چۆن ئێستا گوتاری خیانەتكارانە و خۆڕادەستكردنی بەكرێگیراوەكان ئاشكرا بووە، ئەو دوژمناكارییە و كەرستە و ئامرازەكانیان ڕیسوا دەبن، خەڵكی كوردستان و حكومەتەكەشیان دەمێنێتەوە و بەهێزتر دەبێتەوە”.



