
لە قوتابخانەیەکی شاری قەڵادزێ لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، مامۆستایەک دەستدرێژیی سێکسی کردووەتەسەر دوو قوتابیی کوڕ.
هەفتەی رابردوو مامۆستایەک لە پەروەردەی پشدەر لە ئیدارەی راپەڕین، دەستدرێژی سێکسیی کردووەتەسەر دوو لە قوتابییەکانی کە کوڕن و لە قۆناخی بنەڕەتی خوێندوویانە و تەمەنیان نزیکەی 11 بۆ 12 ساڵە.
لەم بارەیەوە ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی 9ی 2023 یوسف جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پەروەردەی راپەڕین گوتی، “راستە دەستدرێژی کراوە، بەڵام نە کاتی دەوام بووە و نە لەنێو قوتابخانەشدا بووە.”
منداڵەکان پشکنینیان بۆ کراوە و دەرکەوتووە دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەریان، دوای دڵنیابوونەوە لە دەستدرێژییەکە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەرچووە.
لەبارەی کەیسەکەوە، شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، “ئەو کەیسە لە ئاسایشە و رەوانەی پۆلیس نەکراوە.”
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین گوتیشی، “هاوئاهەنگیمان لەگەڵ ئاسایش دەبێت؛ ئەو کەیسە بێت یان هەر کەیسێک رەوانەی پۆلیس بکرێت، بەدڵنیاییەوە دەستبەجێ کاری تێدا دەکەین.”



