
ئەندامێکی تیمی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە هێرشەکەی فڕۆکەخانەی عەربەتدا 6 ئەندامی دژە تیرۆری یەکێتی و سێ ئەندامی دژەتیرۆری رۆژئاوا بوونەتە قوربانی.
کامەران عوسمان ئەندامی تیمی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکا گوتی: “پێش بۆردومانەکە هەلیکۆپتەرێک کە تیمێکی دەزگایەکی ئەمنی سوریای دیموکرات تێدابووە، بۆ ڕاهێنان لە فڕۆکەخانەکە نیشتووەتەوە، بڕیار بووە پێکەوە ڕاهێنانی سەربازی ئەنجام بدەن.”
گوتیشی “پێش دەستپێکردنی مەشق و ڕاهێنان، درۆنی تورکیا فڕۆکەخانەکەی بۆردومان کردووە و لە ئەنجامدا شەش ئەندامی دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتی و سێ ئەندامی تری دژە تیرۆری رۆژئاوا بوونەتە قوربانی.”
تورکیا نیگەرانە لە هەماهەنگی نێوان دژە تیرۆری یەکێتی و رۆژئاوای کوردستان و چەندین جارە لە ڕێگەی فرۆکەی بێ فرۆکەوانە هێرش دەکاتە سەر چەند ناوچەیەکی سلێمانی، دیارترینیشیان فرۆکەخانەی سلێمانی و فرۆکەخانەی عەربەت بوو.



