کوردستانگرنگ

ئەفسەرێکی پێشمەرگە لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا کوژرا

ئەمرۆ چوارشەممە ٢٠/٩/٢٠٢٣ شاهۆ خالید کوری عەقیدێکی پێشمەرگە، لە بڵاوکراوەیەکدا وتی: “سەرلەبەیانی دوێنێ باوکم (عەقید خالید محمود) لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا لە شارۆچکەی پردێ گیانی پاکی سپارد”.

دەقی نوسراوەکەی کوری عەقیدەکەی پێشمەرگە:

باوکم کوژرا!

سەرلەبەیانی دوێنێ باوکم (عقید خالید محمود) لە ڕوداوێکی تەمومژاویدا لە شارۆچکەی پردێ گیانی پاکی سپارد.
لەتەک خەمباریەکی بێ ئەندازەم، بۆ ئەوەی خوێنی باوکم بەهەدەر نەڕوات، بە پێویستی دەزانم، نامەیەک بۆ سەرۆکی هەرێم، هاوپێچ بکەم.

بەڕێز-سەرۆکی هەرێمی کوردستان…
سڵاو جەنابی سەرۆکی هەرێم بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، پێموانیە ڕۆژانە لەو سەدان کەسەی دەیبینی منت وەبیر بێتەوە، کە شەش ساڵ لەمەوبەر بە ڕێکەوت لە شاری سانکت پیتربورگ-ڕوسیا کاتێک من قوتابی بووم، یەکترمان بینی.
لەو دیدارە کورتەدا باسێکم بۆ گێڕایتەوە، سەبارەت بە پیاوێک، کە لە تەمەنی دە ساڵیەوە، پێشمەرگە بووە، شەڕی پارتیزانی کۆڵانەو کۆڵانی کردووە، بۆ کورد؛ بەڕۆژ لە قوتابخانەو بە شەوانیش دیوارەکانی شاری سلێمانیان دەنووسی لە دژی حوکمی پێشوتری داگیرکاری بەعسی.
ئەو پیاوە شۆڕش گێرە، وەکو سەربازی ون ژیا. تەنها لەبەر ئەوەی سەر بە کوتلەو تاقمێک نەبوو، خیانەتی لە خاک و نیشتیمان نەکرد!، ڕۆژێک لەو ئەرک و بەرپرسیاریەتیانەی هەیبووە، زوڵمی لە کەس نەکرد، نەیدەهێشت باری قاچاخ و خواردنی ماوەبەسەرچوو لە سنوری پردێ دەرباز ببێت بۆ هەولێر، ئەو پیاوەی تەنانەت هەرگیز دراوسێیەک، هاوڕێیەک هاوپیشەیەک، پێشمەرگەیەک لێی زویر نەبوون. هەندێک لەم قسانەم لە پیترس بورگ بە جەنابیشت گووت.
بەڵێنت پێدام، کە چوویتەوە هەولێر لەگەڵ باوکم دادەنیشیت، تەنانەت فەرمووت: چای لەگەڵ دەخۆیتەوە، هەرچیشی ویست بۆی دەکەیت.
بەداخەوە ئەو دوێنێ مرد (شەهیدکرا).
تاکو خۆی زیندوو بوو، نەیهێشت ئەم نامە لێرە بنووسم؛ دەیگوت: ئێمە شۆڕشمان بۆ ئەوە نەکرد، کە داوای مافی خۆمان و خەڵکی بە کوروزانەوە، وەربگرینەوە، گرنگ سەربەرزین. ئەوە بۆ ئێمە پاداشتی شۆڕشە.
ڕێزدار سەرۆکی هەرێم،…
ئەوەی لە پێشەکیدا ورووژاندم، بۆ خۆ وەبیرهێنانەوە بوو، خەمی سەخت و ناسۆری برینمان لە دوای شازدەی ئۆکتۆبەرەوە دەستی پێکرد، کە بەردەوام کوردانی سنووری کەرکوک، تایبەتر ئەو ئەفسەر و کارمەندانەی، کە لەسەر لیستی زەرد لەناو بەرێوەبەرایەتیەکان و پۆلیس و هێزی سەربازی دەوامیان دەکرد، یەک ڕێگایان لەبەردەم مابوویەوە، یان خۆفرۆشی بکەن و بێدەنگ بن، یان کورد بن و مەرد بن؛ لەناودەبرێن، *شەڕی دەروونی کەمکردنەوەی دەسەڵاتیان، گواستنەوە و دوورخستنەوەیان، چەککردنیان، کە باوکم ئامادەیی دانانی ئەو چەکە نەبوو. هەر ئەمەش بووە هۆی گیان بەختکردنی.

من هیچ داوایەکم وەکو کوڕی (عەقید شێخ خالید محمود) نیە، تەنها وەکو هاوڵاتیەکی کورد، کە لە خوربەت و دوورە وڵاتی دەژی، هیوادەخوازم، کە لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی پشت مردنەکەی بکرێت، تەنانەت ئەگەر دۆخی دەرونیش بێت، وەکو لە پێشتردا ورد باسم کرد، هۆکارەکەی سیاسیە و بێکەسی ئێمەی کوردە، بەتایبەت لە کەرکوکی *دڵی کوردستان و ناوچە دابڕێندراوەکان.
بۆ ئاسانکاری لێکۆڵینەوە هەموو زانیاریەکی ورد دەخەینە بەردەستی ئێوە و هاوڵاتیانی کوردستان.
تێبینی/ تەواوی پەیج و لایەنەکان دەتوانن ئەم نامە ببەن و کاری لەسەر بکەن.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button