مەکگۆرک لەگەڵ سوودانی باسی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەکات
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نیویۆرک لەگەڵ برێت مەکگۆرک، جێگری یاریدەدەری سەرۆکی ئەمریکا و هاوئاهەنگیکاری کۆشکی سپی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا کۆبووەوە.
کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکەوە دەڵێت، مەکگۆرک پێشوازی لە رێککەوتنەکانی ئەم دواییانەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەبارەی دابینکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان کردووە.
رۆژی 14-9-2023، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و حیزبیدا کۆبوونەوە.
دوای سەردانەکەی شاندەکەی حکومەت بۆ بەغدا، سەرەتای ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی بڕیاری دا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتا مانگانە 700 ملیار دینار، ئەمەش بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.