لە دوو پارێزگای جیاوازی عێراق، کارمەندی هێزە ئەمنیەکان دەکوژرێن

رۆژی هەینی ٢٢/٩/٢٠٢٣ لە پارێزگاکانی کەرکوک و نەجەف، دوو کارمەندی هێزە ئەمنیەکان دەکوژرێن.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی بە میدیاكانی عێراقی راگەیاند؛ ژمارەیەك چەکداری نەناسراو هەڵیانکوتایە سەر ماڵی کارمەندێکی ئەمنیی لە پارێزگای کەرکووک، تەقەیان لە كارمەندە ئەمنییەکە کردووە و دەستبەجێ کوژراوە، چەکدارەکانیش هەڵهاتوون.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو كارمەندە ئەمنییە لە وەزارەتی ناوخۆ کار دەکات و سەر بە بنکەی پۆلیسی ڕیازە، ماڵەکەی دەکەوێتە ناوچەی یەکی حوزەیران لە پارێزگای کەرکووک.
لەلایەکی دیکەوە كارمەندێكی ئەمنیی پلەدار سەر بە هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا کە لە چلەکانی تەمەنیدا بووە، لە هەلومەرجێکی گوماناویدا لەناو ماڵەکەی خۆی لە قەزای ئەلحیرەی پارێزگای نەجەف لەلایەن کوڕەکەیەوە بە بەکارهێنانی چەکێکی جۆری کڵاشینکۆف کوژراوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە كە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لە ڕووداوەکە دەستی پێ كردووە و تەرمەکە گوازراوەتەوە بۆ پزیشکی دادوەری بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان.