مامۆستایەکی زانکۆ ئەو مەبەستانەی لە پشت ئەنجامدانی کۆنگرەی 5ی یەکێتییەوە هەیە ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت کە هەموو ئەوانەی لەو کۆنگرەیە بەشدارن، لەجیاتی شانازیکردن بە ئەندامێتی خۆیان لە کۆنگرە، دەبی ئارەقەی شەرمەزاری دایانبگرێ.
د. مەغدید سەپان، مامۆستای بەشی راگەیاندنی كۆلێژی ئاداب، لە زانكۆی سەڵاحەدین، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) لەبارەی کۆنگرەی 5ی یەکێتییەوە بڵاوی کردووەتەوە: “بڕیارە بەیانی (27ی ئەیلول) یەکێتی کۆنگرەی 5ی ببەستی، لەو کەشوهەوا نائارامەی ناو حزب و هەرێم، تەنیا یەک مەبەست لەپشت بەستنیەوە هەیە، ئەویش بەشەرعیدانی کودەتای تەمووزی 2021 و خۆ سەپاندنی بەزۆری کوڕەکانی مام جەلالە، بەسەر حزب و ئۆرگانەکانی یەکێتی لەکاتێکدا، ئەگەر مام جەلال خۆی لەژیان مابا، ڕەزامەندی ئەویان قەت بۆ بەستنی کۆنگرە بۆ وەرنەدەگیرا.”
دەشڵێت: “خەڵک دەزانی، بەستنی ئەو کۆنگرەیە، بۆ لێدان و لادانی هەندێ هەڤاڵی تێکۆشەری یەکێتییە، بۆ ئەوەی لە حزب دووریان بخەنەوە خۆشیان، شەوان ئارامتر بخەون و کەسیش نەوێری، لێپێچینەوەیان لەسەر پشکی نەوت و گومرگ و داهاتی ناوخۆ و وێرانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی پارتەکانی دیکە کوردستان لەگەڵ بکا.”
ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئەوەشی خستووەتە روو: “هەموو ئەوانەی لەو کۆنگرەیە بەشدارن، لەجیاتی شانازیکردن بە ئەندامێتی خۆیان لە کۆنگرە، دەبی ئارەقەی شەرمەزاری دایانبگرێ، چونکە لەگەڵ دەست بڵندکردنی ئەوان، ئیمزا لەسەر توندڕەوی و تاکڕەوی لەناو حزب دەکرێ، لەگەڵ دەنگدانی ئەوان، کەشوهەوایەکی توندتری سیاسیی و ئابووریی و ئیداری بەرهەم دێ، هەروەها دەنگدانی ئەوان، ڕازیبوونە بەوەی، لاپەڕەیەکی تازە هەڵبدرێتەوە و لەو لاپەڕە تازەیەش، خەبات و تێکۆشانی مام و هەڤالانی سفرکرایتەوە، خانەوادەی شەهید هیچی نەمایە شانازی پێوەبکات و پێشمەرگە و تێکۆشەرانی دێرینیش تێدەگەن، ڕەنجیان بەلاش ڕۆیی.”
راشی گەیاندووە: “لە ڕاستیدا، من هیچ شتێکی هاوبەشم، لەگەڵ ئەو حزبە (یەکێتی) و سەرکردایەتی ئەو حزبە تازەیە نەمایە، ئەوەی من بەدرێژایی ژیانم خەباتم بۆیدەکرد، ئێستا پێچەوانەکەی دەبینم بۆیە، هەموو پەیوەندییەکی خۆم لەگەڵ ئەو حزبە دەپچڕێنم و زیاتر ئەندامی یەکێتی نیم، باوەڕیش ناکەم، بەو سەرکردایەتییە خۆسەپێن و ئاشقەی پول و کورسیی و دەسەڵات، هیچ بۆ کورد و کوردستانیان بکرێ، جگە لەوەی ژیانیان ناخۆشتر و ئاڵۆزتر دەکەن و داهاتووشیان تاریکتر دەکەن.”