رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستکوردستانگرنگ

سەدان کەس لە ئاگرەکەی حەمدانیە گیانیان لەدەستداوە

کاژێر نزیکەی 10:30خولەکی شەوی سێشەممە لە هۆڵی هەیسەم قەزای حەمدانیەی پارێزگای موسل رووداوەکە روویدا. ئەو ئاهەنگەی لە هۆڵەکەدا سازکرابوو، ئاهەنگی پێکگەیشتن و دەستپێکردنی ژیانی هاوبەشی حەنین و ئیرڤان بوو، بەڵام هەر لەو ئاهەنگەدا دەیان کەسی دیکە بە یەکجاری ماڵئاواییان لە یەکدی کرد و، هۆڵە گڕگرتووەکە بووە دوایین شوێن کە لەم ژیانەدا یادگارییەکیان تێدا تۆمارکرد. 

شایەتحاڵان دەڵێن، لەو ئاهەنگەدا زیاتر لە هەزار کەس ئامادەبوون. لەکاتی سەمای بووک و زاوا یاریی ئاگرین هەڵدراوە و بەشێک لە یارییە ئاگرینەکان بەر بنمیچی هۆڵەکە کەوتوون کە لە سەندویچ پەنەڵ دروستکراوە، بەهۆی ئەوەی مادەیەکە زوو گڕدەگرێت، لە چەند خولەکێکدا هۆڵەکە هاوشێوەی دۆزەخێکی بچووکی لێهات بۆ میوانەکانی.  

بووکەکە ناوی حەنین ریازە و لەدایکبووی ساڵی 2006ـە، زاواش ناوی ئیرڤان ئیشۆ گەحکە و لەدایکبووی ساڵی 1995ـە. 

زانیاری و ئاماری جیاواز لەبارەی ژمارەی قوربانییەکان باس دەکرێت. دکتۆر ئەحمەد دووبەردانی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، 82  تەرم گەیێندراونەتەوە دادپزیشکی موسڵ و 86 کەسیش بریندارن. 16 برینداریش گەیێندراوەنەتەوە هەولێر. گوتیشی زۆربەی قوربانییەکان سووتاون. 

هەروەها نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا گوتی، 114 کەس گیانیان لەدەستداوە و سەرووی 200 کەس برینداربوون. بەهۆی گەورەیی ئاگرەکە، پێشبینی دەکرێت ژمارەی قوربانییان بەرزبێتەوە، تائێستا چارەنووسی بەشێکیان نادیارە، هەندێکی دیکە کەسوکاریان یەکسەر تەرمەکانیان بردووەتەوە و نەیان بردووەتە دادپزیشکی.

هۆڵەکە بەتەواوی وێرانبووە، بەشێک لە ئامادەبووانی هۆڵەکە چارەنووسیان نادیارە. زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی سووتان و یان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکە و کەوتنە ژێردارپەردووی رووخاوەکە و پاڵەپەستۆوە بووە. 

هاوکات بەشێک لە شایەتحاڵان کە لە هۆڵەکە بوون دەڵێن، بەشێک لەوانەی گیانیان لەدەستداوە، لاشەکانیان بەتەواوی سووتاوە و لەگەڵ داروپەردوودا تێکەڵ بووە. 

بەهۆی گەورەیی رووداوەکە، تیمەکانی تەندروستی لە نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن لە هەولێر و دهۆک خرانە ئامادەباشییەوە بۆ پێشوازی لە برینداران. پزیشکانی پسپۆڕ، نەشتەرگەری و جوانکاری گەڕانەوە نەخۆشخانەکان تاوەکو چارەسەری خێرا و تەواو بۆ بریندارەکان بکرێن.  

تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ زیاتر لە 15 بریندار گەیێندرانە هەولێر کە بەشێکیان منداڵن. بەشێک لە بریندارەکان تەندروستییان ناجێگیرە، ئەو بریندارانەی هاتوونەتە هەولێر، هەموویان برینەکانیان سەختن.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button