
ئەمڕۆ چوارشەممە، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، ماتەمینی گشتیی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە سەرتاسەری عێراق راگەیاند.
لە ڕاگەیەندراوێكی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیران هاتووە: وەك سەرەخۆشییەك بۆ قوربانییانی ڕووداوی ئاگركەوتنەوەكەی حەمدانییە ، ماتەمینی گشتیی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە سەرتاسەری عێراق رادەگەیەندرێت.
درەنگانی شەوی ڕابردوو لەمیانی بەڕێوەچوونی ئاهەنگێكی بووك گواستنەوە لە قەزای حەمدانییەی سەر بە پارێزگای مووسڵ، ڕووداوێكی ئاگركەوتنەوە بووەوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەك قوربانی لێكەوتەوە.
ڕووداوەكە بەهۆی بەكارهێنانی یارییە ئاگرینەكان بووە و دواتر ئاگرەكە تەشەنەی سەندووە و ئامادەبووانی هۆڵەكەش بەهۆی زۆری قەبارەی ئاگرەكە نەیانتوانیووە خۆیان ڕزگار بكەن و هەر بۆیەش ڕووداوەكە ژمارەیەكی زۆر قوربانی لێكەوتووەتەوە.
قەزای حەمدانییە كە دەكەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری مووسڵ، زۆرینەی كریستیاننشینن و ئاهەنگی بووك گواستنەوەكەش هی خێزانێكی كریستان بووە و نزیكەی هەزار كەس بەشدارییان لە ئاهەنگەكەدا كردووە.
دوای ڕووداوەكەش وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ،ئەمبوڵانس و پێداویستی پزیشكی ناردە شوێنی ڕووداوەكە و بەشێك لە بریندارەكانیشیان بۆ هەولێر و دهۆك گواستەوە.
بەپێی زانیارییەكان نزیكەی هەزار كەس لە هۆڵەكەدا بوونە، لە ئەنجامی بەكارهێنانی یارییە ئاگرینەكە، سەرەتا ئاگرێك لە سەقفی هۆڵەكە كەوتووەتە و بەهۆیەوە بەشی سەرەوەی هۆڵەكە هاتووەتە خوارەوە و دەرگای چوونە دەرەوەی داخستووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئامادەبووانی هۆڵەكە نەتوانن خۆیان ڕزگار بكەن.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەكان لە رووداوەكەدا زیاتر لە 120 كەس گیانییان لەدەستداوەو 330 كەسیش برینداربوون.



