
بڕیارە ئەمڕۆ 30ی ئەیلوولی 2023، بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان، کۆنگرەی دامەزراندن ببەستێت.
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەیامێکدا بۆ سەرکردە و کادیر و ئەندامانی حزبەکەی گوتی: “لە پەنجا ساڵی رابردوودا ئارامتان گرت، هەموو پیلانەکان یەک لە دوای یەک شکستیان هێنا، چەندین جار هەوڵی لەناوبردنی بزووتنەوەی ئیسلامی دراوە، بەڵام بە هەوڵ و ماندوبوونی ئێوە و ئەوانەی پێش ئێمەش، بە پشتیوانی خوا ئاڵای سپی بزووتنەوەی ئیسلامی بە بەرزی مایەوە”.
دەشڵێت: “تائێستا بزووتنەوەی ئیسلامی 12 کۆنگرەی بەستووە و هیچیان هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵام لێک تێنەگەیشتنێک لەنێوان ئێمە و کۆمسیۆن هەبوو، ئەوان پێیان وایە هەر حزب و رێکخراوێکی سیاسی دەبێ کۆنگرەی دامەزراندن بکات، چەند جارێک بەهۆی دۆخەکە و ئەو لەمپەرانەی دەخرانە پێش کۆنگرە دواخرا، ئێستا بڕیاردراوە لە 30/9/2023 کۆنگرە ببەستین”.
رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی بەشداری لە کۆنگرەی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی دەکەن ژمارەیان دوو هەزار کەسە و پشتر لیستی ناوەکانیان ئامادە کراوە، راشیگەیاند: “پەڕەیەکی نوێ لە بزووتنەوەی ئیسلامی هەڵدەدرێتەوە و دەچێتە قۆناغێکی دیکە، کۆتایی بەو کۆسپ و تەگەرانە دێت کە لە رابردوودا خراونەتە بەردەم بزووتنەوەی ئیسلامی”.
بزووتنەوەی ئیسلامی کە بە دایکی حزبە ئیسلامییەکان لە کوردستان دادەنرێت، لە ساڵی 1987 لە لایەن کۆمەڵێک کەسایەتی ئایینی بە سەرکردایەتی مەلا عوسمان عەبدولعەزیز لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیاندرا. بزووتنەوە یەکەم حیزبی ئیسلامیی چەکدارە کە لە باشووری کوردستان دامەزراوە.



