ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە کارەساتەکەی حەمدانییە راگەیەندرا

لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵی ئاهەنگگێڕانەکەی قەزای حەمدانییە ئاشکرایکرد رووداوەکە بەهۆی یارییە ئاگرینەکانەوە روویداوە.
لیوا سەعد فالح، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی حەمدانییە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “سەرەتای ئاگرەکە بەهۆی یارییە ئاگرینەکانەوە دەستیپێکردووە، ئەوەی یارمەتیدەر بووە بۆ زوو تەشەنەسەندنی ئاگرەکە ئەوە بووە بینای هۆڵەکە لە ماددەی ئەزبێز و ساندویچ پانێڵ و ماددەی پلاستیکی دیکە دروستکراوە کە هەموویان بە زوویی گڕدەگرن، جگەلەوەش بەشێکی هۆڵەکە بە قوماشی سەتەن رازێندراوەتەوە کە ئەوەش بە ئاسانی دەسووتێت، ئەمە جگە لەوەی بڕێكی زۆر خواردنەوەی کهولی لەناو هۆڵەکەدا هەبووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “کەمتەرخەمی لە ستافی هۆڵەکەوە هەبووە، دەرگای رزگاربوون داخراون، رێکاری سەلامەتی لە هۆڵەکەدا بوونیان نەبووە، ئەمەش ژمارەی قوربانییەکانی زیاترکردووە”.