کوردستانگرنگ

گۆڤارێکی ئەمریکی: یەکێتی قومار بە بەرژەوەندی خەڵک دەکات

گۆڤاری (فۆڕن پۆڵەسی FP) ئەمەریکی لە ڕاپۆرتێکدا هۆشداری بە واشتن دەدات، کە بێدەنگیی ئیدارەکەی (جۆبایدن) بەرانبەر سیاسەتی شەڕانگێزیی بەغدا دژی هەرێمی کوردستان مەترسیدارە، دەشڵێت: سیاسەتی ئێستای یەکێتی و نزیکبوونەوەی لە تاران و بەغدا قومارکردنە بە ژیانی هاووڵاتیان و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستانەوە لە بەرژەوەندیی حەشد و تاراندا.

ڕۆژی 29ی سێبتەمبەری 2023 گۆڤاری (فۆڕن پۆلەسی) ئەمەریکی ڕاپۆرتێکی لەژێر ناونیشانی (ئێران دووبەرەکیی ئەمەریکا لە کوردستان دەقۆزێتەوە) بڵاو کردەوە، لێرەدا پوختەیەكی گرنگی ئەو راپۆرتە دەخەینە روو.

لە راپۆرتەكەی ئەو گۆڤارە ئەمریكییەدا هاتووە: ”حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکایە، بەتایبەت هێزی پێشمەرگە هاوبەشی سەرەکییە لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و شەڕی داعش و گرووپە توندڕەوەکانی دیکە، هاوکات ڕۆڵی یەکلاکەرەوەش دەبینێت لە هەوڵەکانی ڕۆژئاوا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. هەروەها هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا پەناگەیەکی ئارام بوو، بۆ داڵدەدانی یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەری عێراقی لە کاتی شەڕی داعشدا.“

(فۆڕن پۆڵەسی FP) هەروەها نووسیویەتی: ”ئێستا بەهۆی سەرقاڵیی واشنتۆن بە کێبڕکێکردن لەگەڵ چین و شەڕی ئۆکرایناوە، بایەخێکی کەمتر بە کوردستان دەدات. بۆیە لەگەڵ هەستکردن بەوەی کە سەرنجی ئەمەریکا لە شوێنێکی دیکەیە، ڕکابەرەکانی کوردستان لەوانە ئێران و گرووپە میلیشیاکان کە لەلایەن ئەمەریکاوە وەک تیرۆریست ناو دەبرێن، دژی کوردستان دەستیان بە جووڵە کردووە.“

لە درێژەی راپۆرتەكەدا باس لە خۆڕاگریی هەرێمی كوردستان دەكات و دەنووسێت: ”کوردستان دوای دەستبەکاربوونی مەسرور بارزانی لە ساڵی 2019وە، بەرگەی زنجیرەیەک قەیرانی گرتووە، بەتایبەتی قەیرانی ئابووری دوای ئەوەی داهاتی نەوت زەرەرێکی گەورەی لێ کەوتەوە کاتێک نرخی نەوتی خاو لە ساڵی 2020دا دابەزینی زۆری بەخۆیەوە بینی.“

راپۆرتەكە رەخنە لە دۆخی سیاتسیبی نێوخۆی هەرێمی كوردستانیش دەگرێت و دەڵێت: ”ناکۆکیی نێوماڵی کورد، هۆکارێکە بۆ لاوازیی دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا، ئێران و حەشد ئەو هەلەیان قۆستووەتەوە لە ڕێگەی (یەکێتی نیشتمانیی کوردستان)ەوە هەوڵی پتەوکردنی دەوڵەتی عێراق دەدەن. بەڵام سیاسەتی ئێستای یەکێتی و نزیکبوونەوەی لە تاران و بەغدا، قومارکردنە بە ژیانی هاووڵاتیان و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی حەشد و تاران. ئەمەش پاش ئەوە هات كە یەکێتی شکستی هێنا و توانای نەبوو ببێتەی ئەلتەرناتیڤی سیاسی بەرانبەر پارتی دیموکراتی کوردستان، ئیتر یەكێتی تاکتیکی تێکدانی هەڵبژاردووە لە ڕێگەی کارکردن لەگەڵ گرووپە نەیارەکانی کوردستان و ئێرانەوە بۆ لاوازکردنی پارتی و فشاری ئابووری و سیاسی لە دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.“

راپۆرتەكە دەشنووسێت: ”نزیکبوونەوەی یەکێتی لە تاران و بەغدا، ڕەنگە سوود بەو حزبە بگەیەنێت، بەڵام سیاسەتی یەکێتی کە پشت بە حەشدی شەعبی دەبەستێت بە لاوازکردنی کوردستان کۆتایی دێت و ئەوەش قومارکردنە بە سەربەخۆیی کوردستان لەسەر ئاستی دوورمەودا. بۆیە پێویستە واشنتۆن دەستوەردان بکات لە فشار خستنە سەر یەکێتی و کۆتاییهێنان بە دەست تێکەڵاوکردنی لەگەڵ تاراندا. بەتایبەتی یەکێتی و سەرکردایەتییەکەی سەرکێشی دەکەن لە (سەرپێچیکردنی سزاکانی ئەمەریکا) کە ئامانج لەو سزایانە لاوازکردنی گرووپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی ئێرانە.“

گۆڤاری (فۆڕن پۆڵەسی FP) ئەمەریکی هەروەها نووسیویەتی: ”بە دڵنیاییەوە سزادانی یەکێتی دەکرێت جەخت لەسەر هەوڵێکی واشنتۆن بکاتەوە بۆ دانانی هێڵی سوور بۆ یەکێتی و کۆنتڕۆڵکردنی دەستدرێژیی ئێران بۆ سەر ناوچەکە. هەروەها واشنتۆن دەبێ یەکێتی بێهیوا بکات لە هەڕەشەی گەڕانەوەی کوردستان بۆ پێکهاتەی دووئیدارەیی ساڵانی نەوەدەکان، کە بەشێوەیەکی کاریگەر ئۆتۆنۆمیی کوردستان و مافە بەزەحمەت بەدەستهێنراوەکانی بەپێی دەستووری 2005ی عێراق هەڵدەوەشێنێتەوە.“

راپۆرتەكە دەشڵێت: ”هەروەها ئەکتەرە ناوچەییەکانی وەکوو تورکیا لە نێو گۆڕەپانەکەدایە، ئەنقەرە هێرشەکانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر شەڕڤانان و لقەکانی تاقمی (یاخیبووی تورکیا) پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە شاری سلێمانی و دەسەڵاتی یەکێتییان وەکوو قەڵای پارێزگاری دۆزیوەتەوە. ئەوەش پارێزگاکەی ناسەقامگیر کردووە و کێشەکانی حزبەکەی زیاتر کردووە، چونکە یەکێتی ناتوانێت پەکەکە ناچار بە کشانەوە بکات، بەو پێیەی ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی ململانێ و توندوتیژی، لەلایەکی دیکەشەوە یەکێتی توانای هێرشی زیاتری تورکیای نییە. بۆیە پێویستە ئەمەریکار یەکێتی ناچار بە دانوستان لەگەڵ ئەنقەرەدا بکات، بە پابەندبوون بۆ کۆتاییهێنان بە هاوکارییەکانی یەکێتی بۆ پەکەکە، ئەمەش دڵنیایی دەدا کە هەژموونی ئێران کەم دەکاتەوە و هاوکات ئەو گرژییە جیۆپۆلەتیکانەش کۆتایی دێت کە لە ئەنجامی دەستدرێژییەکانی تورکیاوە دێتە ئاراوە.“

خاڵیكی تری گرنگ كە راپۆرتە ئەمریكییەكە ئاماژەی پێ داوە دەڵێت: ”تا ئێستا بەرانبەر هەموو ئەو ڕێکارە نادەستوورییانەی دژی هەرێمی کوردستان پیادە دەکرێت، واشنتۆن ڕۆڵی تەماشاکارێک دەبینێت. پاساوی واشنتۆن ئەوەیە ئەو کێشانە پەیوەستن بە کاروباری ناوخۆیی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەم پاساوە هەڵەیە چونکە بەهێزبوونی حەشدی شەعبی و قۆستنەوەی ناکۆکییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، زیان بە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەگەیەنێت. 
واشنتۆن شکستی هێناوە لە بەرهەڵەستیکردنی بەغدا، لە بەرانبەر ئەو سزا ئابوورییانەی دژی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکات، کە گرووپەکانی هاوپەیمانی ئێران لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی دەسەڵاتی داوەرییەوە دژی کوردستان پلانداڕێژەری ئەو سزایانەن.“

لە كۆتایی راپۆرتەكەی گۆڤاری (فۆڕن پۆڵەسی FP) ئەمەریکیدا هاتووە: ”پێویستە ئیدارەی جۆ بایدن ئەوە بزانێت ڕەنگە لە ئەگەری پشتگوێخستنی هەرێمی کوردستان، لە داهاتوودا خۆی ڕادەستی ئێران بکات. ئەوەش بەو مانایەی ڕۆڵێکی گەورەتر بە ئێران دەبەخشێت لەنێو دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و هێزە چەکدارەکانی سنوورەکە، کە دوو دەیەیە هەوڵی بۆ دەدات. لەوەش گرنگتر ئایندەی ولایەتە یەکگرتووەکان و چارەنووسی بنکە سەربازییەکانیەتی لە هەولێر کە ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەگێڕن لە جێبەجێکردنی سیاسەتی ئەمەریکا و بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا. جا بۆ ڕێگریکردن لەم کارە، ئەمەریکا پێویستی بەوە دەبێت کە نێوەندگیرییەك لەنێو کوردەکاندا بکات بۆ یەکخستنی ڕیزەکانی کورد لە بەغدا و پاراستنی ئۆتۆنۆمیی حکوومەتی هەرێم و گەڕاندنەوەی شایستە داراییەکانی و مافی خۆی بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردن لە ناوچە جێناکۆکەکان، بەتایبەتی لە کەرکووک.“

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button