بانکی ناوەندی ئەوکەسانە ئاگادار دەکاتەوە کە دۆلاریان هەیە
بەرپرسێکی بانکی ناوەندیی عێراق ئاشكرای كرد، لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە ڕاکێشانی دۆلار بە کاش ڕادەگیرێت و دەشڵێت: “ئەوانەی دۆلاریان لە بانكەكان هەیە ڕێگەیان پێ دەدرێت تاوەكوو پێش سەری ساڵ پارەی خۆیان بە دۆلار ڕابكێشن، بەڵام لە ساڵی 2024 كەس ناتوانێت دۆلار ڕابكێشێت.”
مازن ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان لە بانکی ناوەندیی عێراق، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندوە: “بانکی ناوەندی ڕاکێشانی پارە بە دۆلار لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە ڕادەگرێت و تا کۆتایی ئەمساڵ هاووڵاتییان بۆیان هەیە دۆلار بە کاش لە ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە وەربگرن.”
بەرپرسەكەی بانكی ناوەندیی عێراق دەشڵێت: “ئەوانەی دۆلاریان لە بانكەكان هەیە ڕێگەیان پێ دەدرێت تاوەكوو پێش سەری ساڵ پارەی خۆیان بە دۆلار ڕابكێشن، بەڵام لە ساڵی 2024 كەس ناتوانێت دۆلار ڕابكێشێت، بەڵكوو تەنیا بەدراوی ناوخۆ هەر 100 دۆلارێك بە 132 هەزار دینار بۆی ئەژمار دەكرێت.”
ئاشكراشی كرد: “ئامانج لەو كارە ڕاگرتنی بەكارهێنانی نایاسایی دۆلارە، چونكە ساڵانە عێراق 10 ملیار دۆلار لە بانكی فیدراڵیی ئەمریكی ڕادەكێشێت.”
لە درێژەی قسەکانیدا، ئەو بەرپرسە دەڵێت: “تەنیا بریکارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دیبلۆماتکارەکان بۆیان هەیە دۆلار بە کاش ڕابکێشن و عێراقییەکان ناتوانن لە ساڵی داهاتوو ئەو كارە بكەن.”
مازن ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد: ”بانکی ناوەندی دۆلاری بە نرخی فەرمی بۆ چالاکییە بازرگانییەکان و گەشتەکان دابین دەكات و جەختیش دەكاتەوە کەمیی دۆلار لە بانکە ناوخۆییەکان پەیوەندیی بە زۆریی خواست و قەرز بە دۆلارەوە هەیە کە لەو بانکانەدا داواکاری پێشکەش دەکرێت.”