جیهانرۆژهه‌لاتی ناوه‌راستگرنگ

ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی سودانی و پوتین ئاشکرا کرا

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پوتین پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵاتیان لە بواری وزەدا تاوتوێ کرد.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە چوارچێوەی سەردانەکەی مۆسکۆ لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پوتین کۆبووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ڕووسیا تاوتوێ کراوە، ھەروەھا گفتوگۆ کراوە لەبارەی میکانیزمی پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو ڵات لە بوارە جیاجیاکاندا، بە تایبەتی لە بواری وزە و پەرەپێدان بە کەرتی پیشەسازی نەوت و لەوبارەیەوە باس لە بوونی کۆمپانیا نەوتییە ڕووسییەکان لە عێراق کراوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە تەوەریکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ژمارەیەک پرسی ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی کە جیگای بایەخی ھاوبەشبوون خراونەتە بەرباس، ھەروەھا ڕووداوەکانی ئێستای سەر خاکی داگیرکراوی فەڵەستین تاوتوێ کراوە، لەوبارەیەوە محەمەد شیاع سوودانی دووپاتی کردووەتەوە کە ھەڵوێستی عێراقی سەبارەت بە پرسی فەڵەستین نەگۆڕە کە جەخت لە مافی گەلی فەڵەستین دەکاتەوە بۆ ئەوەی بە شکۆمەندی و دادپەروەریی بژین و داوایشی لە ڕووسیا کردووە کە ھەنگاوی بەپەلە بنێت لەگەڵ وڵاتانی ئەندامانی ھەمیشەیی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی ھێرشە بەردەوامەکانی سەر فەڵەستین.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پوتین لە کۆبوونەوەکەدا، ئاماژەی بە قووڵی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان وڵاتەکەی و عێراق کردووە و ڕایگەیاندووە کە کەرتی وزە، بوارێکی کراوەیە بە ڕووی ھەماھەنگییەکی بەرھەمدارتری نێوان ھەردوو وڵاتە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، باس لەوەیش کراوە کە ڤلادیمیر پوتین ھەروەھا خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە سەبارەت بە بەشداریکردنی محەمەد شیاع سوودانی کرد لە شەشەمین خولی کۆڕبەندی ھەفتەی وزەی ڕووسیا کە بڕیارە سبەی چوارشەممە بەڕێوە بچێت و ڕایگەیاندووە کە کۆڕبەندی ھەفتەی وزە، دەرفەتێکی گرنگە بۆ فراوانکردنی ئاسۆی ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵات لە پەرەپێدان بە کەرتی وزە، نەوت و غازدا.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ڕووسیا سھبارەت بە ڕووداوەکانی ئێستای ئاماژەی بەوەداوە کە ھەوڵەکانیان بۆ وەستاندنی گرژییە سەربازییەکان لە فەڵەستین خستووەتەگەڕ کە بەردەوام لە ھەڵکشاندایە.

ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە مۆسکۆ کە دوو ڕۆژ دەخایەنێت.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button