ژمارەی کوژراوانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس مەترسیدارە

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی هەردوولا، ژمارەی کوژراوانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس گەیشتە 2400 کەس.
شەوی چوارشەممە، 11-10-2023، وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، رایگەیاند، تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ هەزار و 100 فەلەستینی لە شەڕەکاندا کوژران و پێنج هەزار و 339 کەسی دیکەش برینداربوون، 14 دامەزراوەی تەندروستی زیانیان بەرکەوتووە و 10 کەسیش لە تیمە پزیشکییەکان کوژراون.
بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، ئەوانەی کوژراون 603 پیاو، 171 ئافرەت و 326 یان منداڵن. هەروەها لە بریندارەکانیش سێ هەزار و378ـیان پیاو و 744ـیان ئافرەت و هەزار و 217ـیان منداڵن. 290 کەس لە بریندارەکان برینەکانیان سەختە و سێ هەزار و 965ـیان برینەکانیان مامناوەندە، هەزار و 84 برینداریش برینەکانیان سووکە.
وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل ئاماری کوژراوانی شەڕەکەی بڵاوکردووەتەوە و ئاشکرایکردووە: “تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ هەزار و 300 ئیسرائیلی کوژراون و سێ هەزار و 192 کەسی دیکەش برینداربوون لەنێو بریندارەکاندا 364 کەسیان برینەکانیان قورسە و 572 کەسیشیان برینەکانیان مام ناوەندە.”
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی “تۆفانی ئەقسا”ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆ نزیکەی “پێنج هەزار” مووشەکی ئاراستە کردن. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو. تاوەکو ئێستاش پێکدادانەکان بەردەوامن.