موقتەدا سەدر هۆشداری دەداتە ئیسرائیل
رۆژی هەینی (13ـی تشرینی یەکەمی 2023) لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا، شێخ موهەننەد موسەوی لە خۆپیشاندنی ملیۆنی لایەنگرانی سەدر، گوتاری نوێژی هەینی خوێندنەوە کە پەیامی موقتەدا سەدری لەخۆگرتبوو لەبارەی دۆخی کەرتی غەززە و جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل.
سەدر لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، “قودس بۆ ئێمە تەنیا درووشم نییە، قودس هی ئێمەیە و ئیسرایلیش قەوارەیەکی داگیرکەری خاک و موقەدەساتی ئێمەیە، ئیسرائیل قەوارەیەکی تیرۆریستییە بە هەموو مانای وشەیەک و ئەوەی ئێستا لە غەززە دەیکات تیرۆرە لەدژی خەڵکی ناوچەکە”.
لە پەیامەکەیدا موقتەدا سەدر باسی لەوەشکردووە، هەموو گەلانی ئیسلامی ئامادەن قوربانی بدەن لەپێناو فەڵەستین و خۆپیشاندانی ملیۆنی ئەمڕۆی عێراقیش بەشێکە لە پشتیوانی لە مافەکانی فەڵەستین.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەدر داوای یەکهەڵوێستی و داخستنی باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیلی کرد لە هەموو وڵاتانی ئیسلامی و داوای گەیاندنی بەپەلەی هاوکاری مرۆیی کرد بۆ کەرتی غەززە بەتایبەتی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی غەززە.
هاوکات داوای لە لایەنگرانی کرد دەستبکەن بە کۆکردنەوەی کۆمەکی و هاوکاری بۆ غەززە و رایگەیاند، “ئێستا ئێوە پابەندبن بە ئامادەکردنی کاروانی هاوکارییەکان بۆ کۆمەکیکردنی غەززە” و ئاماژەی بەوەشکرد کە لە رێگەی سووریا یان میسرەوە هاوکارییەکان بگەیەننە فەڵەستین.
لە درێژەی پەیامەکەشیدا، موقتەدا سەدر هۆشداریدایە ئیسرائیل بیر لە هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە بکاتەوە و رایگەیاند، “پەلهاویشتنی ئیسرائیل بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە هۆی ئەوەی کە چاوەڕێی ناکەن”.
ئەم وتارەی موقتەدا سەدر لەکاتێکدایە، شەڕ و پێکدادانەکانی بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بۆ حەوتەم رۆژ بەردەوامە و تادێت ئاماری کوژراوانی ھەردوولا بەرزتر دەبێتەوە.