کوردستانگرنگ

مەسرور بارزانی پەیامێک ئاراستەی مامۆستایانی نارازی دەکات

مەسرور بارزانی بۆ مامۆستایانی ناڕازی: مووچە قەرەبوو دەکرێتەوە، بەڵام خوێندن قەرەبوو ناکرێتەوە.

رۆژی پێنجشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دەرچوونی قوتابیانی زانکۆی کوردستان-هەولێر گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی لە دۆخی مامۆستایان و دەوامی قوتابخانە کرد. 

مەسرور بارزانی گوتی، مامۆستا هەقی خۆیەتی مووچەکانیان لە سەری مانگدا بۆیان دابینبکرێت، بەڵام “حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکار نییە بۆ دواخستنی مووچەی مامۆستایان و چینی مامۆستایان تەنیا نین لەوەی کە مووچەکانیان دواکەوتووە. هەموو بەشەکانی تریش. هەموو فەرمانبەرانی تری حکومەت بەداخەوە مووچەکانیان دواکەوتووە. هەموو هەوڵێکمان داوە و بەردەوامیش دەبین کە مافی مامۆستایان و هیچ فەرمانبەرێکی تری هەرێمی کوردستان نەفەوتێت. کاری باشیشمان کردووە و هەنگاوی باشیشمان هاوێشتووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی چارەسەربکرێت.”

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مامۆستایان دڵیان دەکاتەوە کە “حکومەتی هەرێم پابەندە بەوەی نەهێڵێ مافی مامۆستا بفەوتێ. ئەو مووچانەی دواکەوتوون قەرەبوودەکرێنەوە، بەڵام خوێندن قەرەبوو ناکرێتەوە. ئەو قوتابییانەی ئەو ماوەیە هەمووی بێبەشبوون و نەیانتوانیوە بچنە قوتابخانە، چۆن قەرەبووی ئەو خوێندنە دەکرێتەوە؟”

مەسرور بارزانی داوایەکی پێشکێشی مامۆستایان کرد و گوتی: “داوام لە مامۆستایانی خۆشەویست هەیە، کە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانەکان و نەیەڵن منداڵانی ئێمە، قوتابییانی خۆشەویست بێبەش بن لە خوێندن، با پرۆسەی خوێندن جارێکی دیکە دەستپێبکاتەوە. لێرەوە سوپاسیان دەکەم و هیوادارم ئەرکی مامۆستایەتی و بەرپرسیارێتیی هاونیشتمانێتیی خۆیان بەجێبگەیێنن و لە خزمەتی گەل و وڵاتەکەیاندا بن و رێنیشاندەری ئەو قوتابییانە بن کە ئێمە نەتەوەیەکی خۆڕاگرین و هەرچیمان بەسەربێ، نایەڵین پرۆسەی خوێندن بوەستێت.” 

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button