سەرجەم ئەندامانی خێزانێکی کورد لە غەززە گیانیان لەدەستدا
12 ئەندامی یەک خێزان، کە بە رەچەڵەک کوردن، کە بە مووشەکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە غەززە گیانیان لەدەستدا.
خێزانی ئامال کوردی، کە بەشێک بوون لە 50 هەزار دانیشتووی بە رەچەڵەک کوردی غەززە، لە یەکەیەکی نیشتەجێبوونی باشووری کەرتەکە بوون و لە بۆردوومانێکی ئیسرائیلدا 12 ئەندامیان کوژران.
ئامال کوردی، ئاوارەی غەززە رایگەیاند، “هەموویان رۆشتن. نە دایک، نە باوک و نە برا و نە خوشک، هیچیان نەمان. ماڵوێران و تەنیا مامەوە.”
خێزانە بە رەچەڵەک کوردەکە لەدوای هۆشداریی ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی باکووری کەرتی غەززە، ئاوارەی باشووری کەرتەکە ببوون.
خەلیل دیگران، پزیشک دەڵێت، “ژمارەیەکی زۆریان لە ماڵی کەسوکارەکانیان بوون. لە شێوەی تەرمی پارچەپارچەبوودا بۆ ئێمە هێندراون، لە بەرەبەیانەوە زیاتر لە 90 شەهیدمان بۆ هێندراونەتە نەخۆشخانەی ئەقسا.. وەکو دەبینن لە دەوروبەری نەخۆشخانەی ئەقساش دەنگی بۆردوومان دێت.”