کوردستانگرنگ

وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی تەندروستی چەند بڕیارێکى گرنگیان بۆ زانکۆی گەرمیان دەرکرد

بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکانی کۆلێجى پزیشکى زانکۆى گەرمیان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و وەزارەتى تەندروستى، چەند بڕیارێکیان خستە بوارى جێبەجێ کردنەوە

نیوەڕۆى ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى (2023/10/30) وەفدێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەسەرۆکایەتى د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەت و د. ئامانج عەبدوڵا سەعید ڕاوێژکارى وەزیر و د. خەتاب ئەحمەد مستەفا بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و ڕاگرى کۆلێجى پزیشکى زانکۆی گەرمیان، سەردانى وەزارەتى تەندروستى- یان کردو لەلایەن د. سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستى و د. رەهێڵ فەرەیدون بریکارى وەزارەت و د. سامان حەمە خورشید د. سەرهەنگ جەلال ڕاوێژکارانى وەزیر پێشوازییان لێکرا.

لەدیدارێکدا بە وردى تیشک خرایە سەر کێشەو گرفتەکانى کۆلێجى پزیشکى زانکۆى گەرمیان و بەوردى باس لە نەخشەڕێگای گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانە کرا، لەو چوارچێوەیەشدا وەزیرى تەندروستى پەرۆشى خۆى بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکان نیشانداو هەموو ئامادەییەکى وەزارەتەکەى لەوبارەیەوە خستەڕوو، بەتایبەت پرسی دابینکردنی ستافی ئەکادیمی و گۆڕینی پۆڵێنبەندی نەخۆشخانەکانی دەڤەری گەرمیان بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری، لە بەرامبەریشدا بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا سوپاسى وەزارەتى تەندروستى کرد بۆ پەرۆشى و خەمخۆریان بۆ سێکتەرى تەندروستى لە هەرێمى کوردستان و هەوڵەکانى وەزارەتى تەندروستى بۆ چارەسەرکردنى گرفتى کۆلێجى پزیشکى زانکۆى گەرمیان بەرزنرخاند.

لەو چوارچێوەیەدا بەڕێز وەزیرى تەندروستى ئامادەیى خۆى نیشاندا بۆ دەستەبەرکردنى ستافى پێویست بۆ کۆلێجەکە لەڕێگەى گواستنەوەیان بۆ سەر میلاکى کۆلێجى پزیشکى و دواتریش تەنسب کردنەوەیان بۆ سەر وەزارەتى تەندروستى بە ڕەچاوکردنی ڕێوشوێنە زانستی و کارگێڕییەکان، هەروەها بڕیاردرا هەردوو وەزارەت پێکەوە هەماهەنگی بکەن بۆ گۆڕینی پۆلێنبەندی نەخۆشخانەکانی دەڤەری گەرمیان بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری بەمەبەستى راهێنان و ئەنجامدانى لایەنى پراکتیکى خوێندکاران و قوتابیانى کۆلێجى پزیشکى زانکۆى گەرمیان. لەم بارەیەوە هەردوو وەزارەت بە هەماهەنگی یاداشتێکى لێکتێگەیشتن ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی ببێتە نەخشەڕێگایەک بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە و چوارچێوەیەک بێت بۆ هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی لەپێناو پەرەپێدانی پرۆسەی خوێندن و راهێنان لە کۆلێجە پزیشکییەکان و پەرەپێدانی زیاتری خزمەتگوزاری تەندروستی لە هەرێمی کوردستان.

لە کۆتایى کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا لە نزیکترین دەرفەتەدا بڕیارەکانى کۆبونەوە بخرێتە بوارى جێبەجێکردن.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button