
ڕاگەیندراوێک لەپارێزگای هەولێرەوە:
پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ هەینی 2023.11.3، بارانێکی بەخووڕ لە ماوەیەکی کەمدا بە ڕێژەی 28ملم لە سەنتەری شاری هەولێر داباری، بەپێی پێشبینی شارەزایان و بەڕێوەبەرایەتی کەش و هەوا، ڕێژەی دابارینەکە بە هۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا دوور لە چاوەڕوانی و پێشبینی نەکراوبوو.
بەڵام خۆش بەختانە، بە هۆی داڕشتنی ئەو پلان و بەرنامە و ڕێگا چارەسەریانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا لە سنووری پارێزگاکەمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسیەکانی ڕوودانى لافاو و چارەسەرى هۆکارەکانى دروست بوون و هەر ئەگەرێکى نەخوازراوى گۆڕانى کەش و هەوا لە زستان و وەرزى بارانبارینى ئەمساڵ لە لایەن دامەزراوە و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان گیرابوونەبەر، لە وانە خاوێنکردنەوەى (350) كیلۆمهتر له فراوانکردن و پاککردنەوەی ڕێرەى ئاوى سروشتى باران و ئاوى قورس و کەندەکان و بەردەوامیدان بە پاککردنەوەى سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكانی گەڕەک و شوێنە گشتیەکانی شارى هەولێر و تەواوکردنی (20) پڕۆژەی تایبەت بە کەمکردنەوەی مەترسیەکانی لافاو و (43) پڕۆژەی دیکە کە ئێستا بەڕێژەی جیاواز لە بواری جێبەجێکردندا، ئەوەجگە لە ئامادەباشی سەرجەم تیمەکانی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر و دەزگای خێرخوازی بارزانی و شارەوانییەکان و بەرگری شارستانی و تەندروستی و لایەنەپەیوەندیدارەکان بۆ ڕوودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و بە هاناوەچوونی هاوڵاتییان، توانرا ئیدارەی حاڵەتی ئەو ڕێژە زۆرەی بارانبارینی ئەمڕۆ بدرێ و کۆنتڕۆڵی بکرێت.
هاوڵاتییان و هاوشاریانی سنووری پارێزگاکەمان دڵنیا دەکەینەوە، پارێزگای هەولێر لەڕێگەی لیژنە و تیمی فەرمانگە و دامەزراوەکانییەوە هەموو هەوڵێکی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕوودانی هەر ئەگەر و مەترسیەکی لافاو و ڕووداوێکی نەخوازراوی گۆڕانى کەش و هەوا، ئەوەی ئەمڕۆش کە بە هۆی دابارینی ڕێژەیەکی زۆری باران لەماوەیەکی کەمدا ڕوویدا و لە چەند شوێنک بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاو و ژمارەیەک لە هاوڵاتییان دووچاری ناڕەحەتی بوونەوە و لە بەشێک لە شەقامە گشتییەکانیش ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ دروست بوو، لە زووترین کاتدا تیمەکان بەهانای هاوڵاتییانەوە چوون و شەقامەکان پاککرانەوە و سوپاس بۆ خودا هیچ زیانێکی گیانی و ماڵی لێنەکەوتەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا حاڵەتێکی چاوەڕوانەکراو بوو کە دەزگا و ئامێرەکانی کەش ناسیش بەهۆی گۆڕانی کەش و هەواو نەیانتوانی پێشبینیەکانی بخوێنەوە، بۆڕوودانی حاڵەتی لەمشێوەیەش بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت پێشبینی زانستی بۆ بکرێت، بەداخەوە چەند کەناڵ و دەزگایەکی میدیایش، پرسەکەیان بە ئاڕاستەیەکی ناڕاست و دوور لەڕاستی برد و وەک خۆی ڕووماڵی ڕوداوەکەیان نەکرد، هیوادارین بۆ لەمەو دوا ئەگەر ناتوانن لەحاڵتی ڕووداوی لەمشێوەیەدا هاوکاربن، با بەلای کەمەوە وەک خۆی وێنەکان بۆ ڕای گشتی بگوازنەوە.
پارێزگای هەولێر
2023.11.3



