هێزێكی ناوخۆی عێراق هاووڵاتییەك دەكوژن

دوای ئەوەی هێزێكی ناوخۆ هاووڵاتیكیان لە بەغدا كوشت، وەزیری ناوخۆ بۆ رێگری كردن لە كاردنەوەكان فەرمانێكی بەپەلە دەردەكات.
دوێنێ هەینی 3ی11، لە شاری بەغدا مەفرەزەیەكی پۆلیسی عێراق بۆ ڕێگریكردن لە هاووڵاتییەك كە هەوڵی دروستكردنی خانووی دەدات، بەبیانووی ئەوەی مۆڵەتی خانووی نیە، بۆیە تەقەیان لێ كرد و كوشتیان.
ئەم رووداوە كاردانەوە و ناڕەزایەتی لێ كەوتووەتەوە و وەزیری ناوخۆی عێراقیش بڕیاریداوە لیژنەی لێكۆڵینەوە لە رووداوە پێكبهێنێت.
لە ڕاگەیەندراوێكدا وەزارەتی ناوخۆی عێراقی فیدراڵ بڵاوی كردەوە: “وەزیری ناوخۆی عێراق بەدواداچوون بۆ وردەكاریی ڕووداوی كوشتنی هاووڵاتییەكەی ناوچەی سەرۆكایەتی لە سنووری بەغدا دەكات و فەرمانی دەستبەسەركردنی ئەو ئەفسەرە و ئەو مەفرەزەیەی دەركرد كە لە كاتی ڕووداوەكەدا هاووڵاتییەكەیان كوشتووە.”
بەهۆی ئەوەی عەشیرەتی هاووڵاتییە كوژراوەكە هەڕەشەی تۆڵەكردنەوە دەكەن، بۆیە وەزیری ناوخۆ فەرمانی ناردنی شاندێكی بۆ لای عەشیرەتەكە داوە.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش داوە: “جەخت لەوە دەكەینەوە كە سەرجەم ئەندامەكانی لەكاتی جێبەجێكردنی یاسادا، ئەو حاڵەتانەی توڕەیی هاووڵاتیان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لەبەرچاو بگرن و نابێت هێز بەكاربهێنن.”