کوردستانگرنگ

مەسرور بارزانی: ئومێدمان بە داهاتووی میللەتەکەمان بەهێزە و کوردستانێکی بەهێزتر و پێشکەوتووتر بنیات دەنێین

رۆژی دووشەممە (6ـی تشرینی دووەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە دەرچووان و مامۆستایان و کەسوکاری دەرچووانی خولی 28ـەمینی زانکۆی دهۆک کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ قۆناغی دوای زانکۆ بۆ دەرچووان خواست.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی ئەنجوومەنی زانکۆ و مامۆستایانی زانکۆ کرد بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی خۆیان بۆ دەرچوونی ئەو پۆلە قوتابییە و سوپاسی دایک و باوکی دەرچووانیش کرد کە هاوکاری رۆڵەکانیان بوونە بۆ تەواوکردنی خوێندنیان بە شێوەیەکی سەرکەوتوو.

لەبارەی زانکۆی دهۆکەوە، سەرۆکی حکومەتی کوردستان جەختی کردەوە کە زانکۆی دهۆک لە هەلومەرجێکی سەختدا دامەزراو و بە خۆڕاگری و ماندووبوونی مامۆستایانی زانکۆکە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر بەرەو پێش دەچێت و ئەمڕۆ زناکۆی دهۆک یەکێکە لە زانکۆ هەرە باش و گرنگەکانی کوردستان و بەشێک لە دەرچووانی ئەم زانکۆیە لە شوێنی جیاوازدا بەرپرسی بەرچاون و خزمەت دەکەن.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئاستی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرژی و ئاڵۆزی و شەڕ بەردەوامن و مەترسی تەشەنەکردنی ئەو ئاڵۆزییانە هەیە و ئێمەی کورد دەزانین دەرئەنجامی شەڕ چەند وێرانکەرە و بۆیە داوا دەکەین کۆتایی بە ئاڵۆزییەکان بێت و کوشتنی هاووڵاتییانی سڤیل رابگیرێت و کێشەکان بە ئاشتییانە چارەسەر بکرێن.

هەروەها گوتیشی، ئەگەر یەکتر قبوڵکردن و یەکسانی و دادپەروەری هەبێت، سەرچاوەیەکی مرۆیی زۆر لە ناوچەکە هەیە و ئەگەر بە باشی ئیدارە بکرێت، ئەوا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە یەکێک لە ناوچە پێشکەوتووەکانی جیهان.

لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی روونیکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆیداوە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بگەینە رێککەوتن، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو هاریکارییەکمان کردووە و ئەرکەکانی خۆمان جێبەجێ کردووە و چاوەڕێین حکومەتی فیدراڵی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزێت.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکی بەردەوامم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە و شاندی حکومەتی هەرێمیش بەردەوام سەردانی بەغدا دەکەن و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵیش بە هاوکاری چاودێری دارایی هەرێم زانیاری پێویست بە لایەنی پەیوەندیدار دەدەن، بەڵام جێگەی داخە تاوەکو ئێستا وەکو پێویست مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی مووچە وەک پێویست دابین نەکراوە و چارەسەر نەکراوە.

هەروەها رایگەیاند، ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانی خۆمان بۆ دەستەبەرکردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هیوادارین بەغداش پابەندی بەڵێنەکانی خۆی بێت و کۆتایی بە فشارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بهێنێت.

هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی خۆراگری و سینەفراوانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین و دەزانین رەوشی ژیانی کارمەند و فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دژوارە و چەند مانگێکە مووچەیان دواکەوتووە، لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت ئەوە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان روونبێت، ئەوانە هەمووی فشارن بۆ ئەوەی ئێمە واز لە مافە دەستوورییەکانی خۆمان بهێنین و ئێمە داوای یەکسانی و پێکەوەژیانمان لە ناوچەکە کردووە و تەنیا داوای مافە دەستوورییەکانی خۆمان کردووە.

لە درێژەی گوتارەکەیدا گوتیشی، ئەمڕۆ فشاری ئابووری و سیاسیی زیاتربووە و زۆر کێشەی دەستکرد رووبەڕووی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە، دەبێت هەموو هاووڵاتییان بەتایبەتیش مامۆستایان و قوتابییان ئاگاداربن و کاربکرێت بۆ زیاتر بەرزکردنەوەی هۆشیاری نیشتمانی تاوەکو خەڵکی ئێمە نەکەونە ژێر کاریگەری پروپاگەندەی نەیاران و بێ ئومێد نەبن.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی، “چەند ئاستەنگ بۆ ئێمە دروست بکەن و دەرگامان لێ دابخەن، ئێمە دەرگای نوێ دەکەینەوە”.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا دووپاتی کردەوە، “ئومێدمان بە داهاتووی میللەتەکەمان بەهێزە و پێکەوە ئەم قۆناغەش تێدەپەڕێنین و کوردستانێکی بەهێزتر و پێشکەوتووتر بنیات دەنێین”.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button