ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لەبارەی دۆخی غەززە
بەبەشداری رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی و کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لە ریازی پایتەختی سعودیە، لووتکەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە بارەی جەنگی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کۆتایی هات و وڵاتان داوایان کرد گەمارۆی چەک بخرێتە سەر ئیسرائیل و گەمارۆی سەر غەززە کۆتایی پێبهێندرێت.
لە راگەیێندراوی کۆتایی لووتکەکەدا هاتووە:
– لووتکەی هاوبەشی ئیسلامی و عەرەبی داوای شکاندنی گەمارۆی سەر غەززە و رێگەدان بە دەربازبوونی کاروانی یارمەتیی مرۆیی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و نێودەوڵەتی دەکات بۆ نێو غەززە.
– لووتکەی هاوبەشی ئیسلامی و عەرەبی داوا لە هەموو وڵاتەکان دەکات هەناردەی چەک و تەقەمەنی بۆ ئیسرائیل رابگرن.
– لووتکەی هاوبەشی ئیسلامی و عەرەبی سەرکۆنەی دوژمنکاریی ئیسرائیل و ئەو تاوانە جەنگی و کۆمەڵکوژییە دڕندانە و نامرۆڤانەیە دەکات کە حکومەتی داگیرکار ئەنجامیاندەدات.
– لووتکەی هاوبەشی ئیسلامی و عەرەبی ناوبردنی ئەم جەنگە بە بەرگریلەخۆکردن و رەوایەتیپێدانی بە هەر پاساوێک، رەتدەکاتەوە.