
ئەمرۆ یەکشەممە 12/11/2023 پارێزگای هەولێر ڕاگەیەنراوێکی سەبارەت بە سەربڕینی ئاژەڵی نەخۆش بڵاوکردەوە، کە ئەمەش دەقی ڕاگەیەنراوەکەیە:
دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە گوایە لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر، ئاژەڵی نەخۆش سەردەبڕدرێت و بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێتەوە، تیمەکانی چاودێری تەندروستی و سەلامەتی خۆراک و هۆبەی گۆڕەپانی ئاژەڵان، بە هەماهەنگی قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر و پۆلیسی شارەوانی و نوێنەری ڤێتەرنەری، لە مەیدانى ئاژەڵان دواى پشکنین و بەدواداچوون بۆ شوێنەکان، دەرکەوت بە پێچەوانەی ڕێنماییە تەندروستییەکان سێ بۆ چوار ئاژەڵ سەربڕدرابوون و ئامادەکرابوون بۆ فرۆشتن. دەست بەجێ لەلایەن تیمەکانەوە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران گیرایەبەر و دەست بەسەر ئاژەڵە سەربڕاوەکان گیراو و ئەو شوێنانەشى کە گومانیان لێدەکرا تێکدران.
هاووڵاتییان و هاوشاریان دڵنیا دەکەینەوە، تیمەکانی چاودێری تەندروستی و سەلامەتی خۆراک لە پێناو پاراستنى سەلامەتى گیانى هاوڵاتییان، بەردەوامن لە پشکنین و بەدواداچوون بۆ گۆشتفرۆش، چێشتخانە و هەموو ئەو شوێنانەی کە خواردنی تێدا پێشکەش دەکرێت، بۆ دڵنیابوونەوە لە کواڵێتی خواردنەکان و ڕێگەگرتن لە بڵاوبونەوەی هەر نەخۆشییەک.
ڕاگەیاندنى پارێزگاى هەولێر



