نەتەوە یەکگرتووەکان کارە مرۆییەکانی غەززە بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر رادەگرێت
بەرپرسی ئۆفیسی غەززە لە ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەهاناوەچوون و کارپێکردنی پەنابەرانی فەڵەستین لە ڕۆژهەڵاتی نزیک (UNRWA) توماس وایت ڕایگەیاند بە هۆی دەستبەرنەکردنی سووتەمەنی بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر کارە مرۆییەکانیان ڕادەگرن.
توماس وایت لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X بڵاوی کردەوە کە، بە هۆی ئەوەی ڕێگە نادرێت سووتەمەنی بگات بە کەرتی غەززە بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر کارە مرۆییەکان ڕادەگرین. لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە سووتەمەنی ناگات بە غەززە. بەکارهێنانی سووتەمنی بۆ نەخۆشخانەکان یان بۆ دابین کردنی ئاو، بڕیارێکی ئەستەمە. هەردووکیان ژیان ڕزگار دەکەن. بە داخەوە کە ئەمە پرسیارێکی گەریمانەیی نییە”.
وایت ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا بە هەماهەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ میسر توانراوە هەندێک سووتەمەنی لە نزیک ناوچە سنوورییەکان وەربگرن، بەڵام لە ئێستادا کۆگاکانی سووتەمەنییان بەتاڵن.
بەهۆی گەمارۆکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و هێرشە بەردەوامەکانی، زیاتر لە یەک ملیۆن و٥٠٠ هەزار کەس ناچار بە کۆچی زۆرەملێ کراون.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاندووە کە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە زیاتر لە ١٠٠ جار هێرش کراوەتە سەر بنکە تەندروستییەکان.
حکوومەتی غەززە ڕایگەیاندووە کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا ١٦ نەخۆشخانە و ٣٤ ناوەندی پزیشکی لەکار کەوتوون.