
بەگوێرەی پێشبینیەکانی کەشناسێک؛ شەپۆلێکی بارانبارین و بەفر بارین، ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16/11/2023، ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی، لەبارەی هاتنی شەپۆلێكی نوێی بارانبارین، ڕایگەیاندووە: “لەمشەو بەدواوە، شەپۆلێکی بارانبارین لە تورکیاوە بۆ سەر ناوچەکانمان درێژ دەبێتەوە، سەرەتا ناوچەکانی سنووری پارێزگای دھۆک و مووسڵ دەگرێتەوە، سبەی ھەینی 17/11/2023 ناوچەکانی پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی ڕاپەرین دەگرێتەوە، ئاسمان بە درێژایی کاتەکان بۆ ھەوری تەواو دەگۆڕێت و پێشبینیی بارانێکی باش لە ناوچە شاخاوییەکان و بارانێکی مامناوەند و پچڕپچڕ لە سەنتەری شاری ھەولێر و دهۆك دەکرێت، لەگەڵ بارینی بەفر لەسەر چیا بەرزەکان و نزمبوونەوەی پلەی گەرما بە ڕێژەی سێ تا چوار پلە بەراورد بە ئەمڕۆ.”
ئەو شارەزایەی كەشناسی باسی لەوەش كردووە، كە کاریگەریی ئەم شەپۆلە بۆ سەر ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە لاواز دەبێت، لە ھەندێك کاتدا ئەگەری بارانی مامناوەند و کورتخایەن دەبێت.
کاریگەریی ئەم شەپۆلە بەردەوامی دەبێت تا کاتە جیاوازەکانی سبەی شەو و دواتر کاریگەرییەكەی کەم دەبێتەوە.



