وردەکاری ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس
بە نێوەندگیریی قەتەر و ئەمریکا، ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەستێکی چوار رۆژە گەیشتنە رێککەوتن.
دوای 46 رۆژ لە جەنگی بەردەوام، حکومەتی ئیسرائیل لە بەرامبەر 50 بارمتە رازی بووە بە ئاگربەستەکە و نەتەنیاهووش دەڵێت، “قورس بوو، بەڵام بڕیارێکی دروستمان دا”. ئەمریکاش هیوادارە ئەو هەنگاوە رێگەخۆشکەر بێت بۆ راگرتنی یەکجاریی شەڕ.
هەرچی حەماسە رایگەیاند، لە چوار رۆژدا 50 ژن و منداڵ ئازاد دەکەین، لە بەرامبەر ئەوەدا ئیسرائیل دەبێت 150 زیندانیکراوی فەلەستینی ئازاد بکات.
قەتەر کە رۆڵی سەرەکی هەبووە لەو ئاگربەستە، سوپاسی ئەمریکا و میسر دەکات کە “هاوکار” بوون و دەڵێت، ئەو ئاگربەستە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی هاوکاریی زیاتری مرۆیی بگاتە غەززە. دەشڵێت، ئەوان بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی کەسانی سڤیل.
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی لەبارەی ئاگربەستە کاتییەکەی ئیسرائیل رایگەیاند، “ئێمە [ئیدارەی سەرۆک جۆ بایدن] هیوادارین ئەو رێککەوتنە چوار رۆژییە رێگەخۆشکەر بێت بۆ راگرتنی یەکجاریی شەڕ لە غەززە و سنووری لوبنان.”