-مەچۆ بۆ دەنگدان تا عەقڵێتی شۆڤێنی و تەعریب بەردەوام و باڵا دەست بێت لە ئیدارەدانی پارێزگاکە و کورد بوون و ناسنامەی کوردستانی بوونی کەرکوک لە مەترسیدا بێت.
-دەنگ بدە بە یەکێتی تا وەکو چەمچەماڵ ئیدارەی کەرکوک بدات.
-دەنگ بدە بە پارتی تا وەکو ھەوڵێر ئیدارەی کەرکوک بدات.
ئەمەی لەسەرەوە باسمانکرد بۆ خۆشی نیە، بەڵکو ڕاستییەکە ئەبێت خەڵکی کەرکوک بیزانن و لەسەر ئەساسی ڕابردو لایەنەکان ھەڵبژێرن.
ناچی بۆ دەنگدان دەسەڵاتی ئیداری شارەکە بەردەوام لە دەستی ئەو عەقڵێتە دەمێنێتەوە کە ساڵانێکە جیاوازی قەومی و گەڕەک دەکات لە خزمەتگوزاری، ئاستەنگت بۆ دروست دەکات لە ئیشوکاری ڕۆژانە و دامودەزگا حکومیەکاندا، مەترسی دروستکردوە لەسەر لایەنی نەتەوایەتی و نیشتمانیت.
ئەچیت بۆ دەنگدان و دەنگ ئەدەی بە یەکێتی، بێگومان بەو شێوە فەوزەویەی سلێمانی و بەو بێ سەروبەریەی چەمچەماڵ حکومڕانیت دەکات و لەوە زیاتری لێ چاوەڕوان مەکە، چونکە ئەوە باشترین نمونەی حکومڕانی چەند ساڵی ڕابردوویەتی و لەوە باشتری پێ ناکرێت بۆ کەرکوک و ھەر شوێنێکی تر.
ئەچیت بۆ دەنگدان و دەنگ ئەدەی بە پارتی، بێ گومان ھەمان حکومڕانی و پێکەوە ژیان و خزمەتگوزاری ھەولێر ئەگوازێتەوە بۆ کەرکوک، چونکە ئەوە کار و سیاسەتی تەجروبەکراوی ڕابردووی پارتیە، ئایە کورد، عەرەب، تورکمان، مەسیحی و پێکھاتەکانی تر چۆن دەژین پێکەوە لە ھەولێر، ھیچ کێشە و جیاوازیەک ھەیە؟ ئایە خزمەتگوزاری پێشکەش کراوە؟ ئایە ئەمن و ئاسایشی ھەولێر باشە؟ ڕایی کردنی ئیشوکاری ڕۆژانەی ھاوڵاتی لە ڕووی ئیداری و لە دامودەزگا حکومیەکان چۆنە؟ ئەم نمونانە لە ھەولێر باش بن یان خەراپ ئەوە نمونەی حکومڕانی پارتیە و لە کەرکوکیش ھەر ئەوە دەکات.
بۆیە پێویستە ڕابردووی لایەنەکان لە حکومڕانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و ھەڵوێستی نەتەوایەتی و نیشتمانیان بکرێتە پێوەر، نەک گەڕان و بەڵێن و بانگەشەی کاتی ھەڵبژاردن.
عەبدوڵڵا كوێخا موبارەك