بە فەرمانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، خاوەنى زەوییە سندووقیەکان ڕێگەپێدانیان بۆ دروستکردنى خانوو وەرگرت
ئهمڕۆ پێنجشەممە 2023.11.30، دوا بە دواى فەرمان و ڕەزامەندى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە پێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون و چارەسەرکردنى گرفتی زەوییە سندووقیەکان لە بەرژەوەندى هەژاران و کەمدەرامەتان، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان و سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى خانووبەرەى میرى پارێزگا، لە ڕێورەسمێکدا لە دیوانى پارێزگا، پڕۆسەى دابەشکردنى ڕێگەپێدانى زەوییە سندووقیەکان دواى وردبینى و تەواوبوونیان لە سەنتەرى شار و سەرجەم قەزا و ناحییەکان، کە ژمارەیان (200) ڕێگەپێدانى دروستکردنى خانوو بوو وەک قۆناغى یەکەم پێشکەش بە خاوەنەکانیان کرا.
لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی لە خاوەنى زەوییە سندووقیەکان، ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ ڕۆژێکى خۆشە هەم بۆ ئێوە و هەمیش بۆ ئێمە، ئەوە دیارى جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانە بۆ ئێوە لە پێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون و چارەسەرکردنى گرفتی زەوییە سندووقیەکان لە بەرژەوەندى هەژاران و کەمدەرامەتان، ئەو ڕێگەپێدانەى ئەمڕۆ دابەشدەکرێت قۆناغى یەکەمە، لە ڕۆژانى داهاتوودا پڕوسەکە بەردەوامى دەبێت، ئومێد دەکەین هیچ هاوڵاتییەکى کرێنشین لە شارەکەمان نەمێنێ و هەموو کەس ببێتە خاوەنى خانووى خۆى، ئێوەش دەتوانن لەمڕۆوە دەست بە دروستکردنى خانووەکانتان بکەن، پیرۆزتان بێت و خوداى گەورە یارمەتیدەر و پشتیوانتان بێت”.
جێگەى باسە، پڕۆسەى تەملیککردن و ڕێگەپێدانى خانوو دروستکردن لەسەر ئەرزى سندووقى ئهو زهویانهى كه له دوو لاوه بەزێدەڕۆیی خانووی تێدا دروستكراوه و پێشتر كڕین و فرۆشتنیان پێكراوه، بە بڕیارى سەرۆکى حكومهتی ههرێمى کوردستان وهك كارئاسانی بۆ هاوڵاتییانى کەم دەرامەت و لە پێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون رێگهپێدانی دروستكردنی خانوویان پێدهدرێت کە زۆربهیان دهكهونه شارهوانییهكانی دهوروبهری ههولێر، ئەمڕۆش قۆناغى یەکەمى ئەو پڕۆسەیە لە دیوانى پارێزگا دەستى پێکرد و لەڕۆژانى داهاتوودا پڕۆسەکە بەردەوامى دەبێت بۆ هەموو ئەو هاووڵاتییانەى کە خاوەنى زەوی سندووقین و لە ماوەى رابردوودا داواکارییان پێشکەش کردووە، دواى یەکلایی بوونەوەى مامەڵەکانیان لە وردبینى و بەدواداچوون، بەپێى ئەو مەرجانەى دەستنیشانکراوە ڕێگەپێدانى دروستکردنى خانوو وەردەگرن و خانووەکانیش لەسەر ناوى خۆیان تاپۆدەکرێت.