
وەزیری کارەبا لێکۆڵینەوە لە کوژانەوەی گشتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەکات و لێژنەیەک پێکدەهێنێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کارەباوە ڕایگەیاند: “وەزیری کارەبا دەیەوێت هۆکاری کوژانەوەی گشتی کارەبا روونبکرێتەوە، چونکە لە ساڵی 2017ـەوە حاڵەتی وا رووینەداوە کە ماوەی 12 کاتژمێر کارەبا لە سیستەمی گشتی بکوژێتەوە”.
سەرچاوەکە گوتیشی: “وەزیری کارەبا لیژنەکەی راسپاردووە، لە ئایندەیەکی نزیکدا هۆکارەکە ئاشکرا بکرێت و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بخرێتەڕوو، کە تائێستا هۆکاری کوژانەوەی گشتی کارەبا دیار نییە”.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 30/11/2023، کوژانەوەی گشتی لە سیستەمی کارەبای هەرێم روویدا، دوای زیاتر لە 12 کاتژمێر بە هەوڵی تیمەکانی کارەبا لە کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم و کۆنترۆڵی شارەکان و لایەنە پەیوەندارەکانی وەزارەتی کارەبا گرفتی کوژانەوەی گشتیی کارەبا چارەسەر کرا.