
لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە هۆی تەقەی هێزە ئەمنییەكان لەنێو كۆڵانێك منداڵێكی تەمەن 8 ساڵ گیانی لەدەست داوە و كەسوكارەكەشی دەڵێن بە هۆی ترسی زۆرەوە بووە.
نەوشیروان فاتیح، مامی منداڵەكە، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لەو كاتەی كە هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی ویستوویانە تۆمەتبارێك دەستگیر بكەن لەنێو كۆڵان تەقەیەكی زۆر كراوە و ئەم منداڵەش كە كچە و تەمەنی 8 ساڵە لە ترسی دەنگی تەقەكان گیانی لەدەست داوە.
ئاماژەی بە ئەوەش دا كە چاوەڕێی ئەنجامی راپۆرتە پزیشكییەكانن و دواتر سكاڵا تۆمار دەكەن بەڵام ئەوەی كە زانراوە ئەوەیە ئەو منداڵە دەستبەجێ و لە شوێنی تەقەكان و بە هۆی ترسی زۆرەوە گیانی لەدەست داوە.
رەتیشی كردەوە كە وەك باس دەكرێت، منداڵەكە هیچ نەخۆشییەكی هەبووبێت، گوتیشی، داوا لە لەلایەنی پەیوەندیدار دەكەین لێكۆڵینەوە بكرێت و هەر كەسێك هۆكار و سەرپێچیكار بووبێت سزا بدرێت.
جەختیشی كردەوە كە “بەرپرسان و هێزە ئەمنییەكانی پارێزگای سلێمانی بێباكانە هەڵسوكەوتیان كردووە هیچ هەڵوێستێكیان نەبووە و هیچ روونكردنەوەیەكیشیان نەداوە.”



