گۆڕستانێكی مێژوویی لە بەغدا دەروخێندرێت

میدیا عەرەبیەکان ئاشكرایان كرد كە حكوومەتی عێراق بە نیازی تێكدان و ڕووخاندنی گۆڕستانێكی مێژووییە لە ناو شاری بەغدای پایتەخت.
بەپێی ماڵپەڕی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید)، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكوومەتی فیدراڵی، مۆڵەتی 15 ڕۆژی بە خەڵكی شاری بەغدا داوە، كە ئێسكوپرووسكی كەسوكارە كۆچكردووەكانیان لە ناو گۆڕەكانیاندا لە بەشێكی گۆڕستانی شێخ مەعروفی كەرخی دەربێنن و بیانگوازنەوە بەشێكی تری گۆڕستانەكە.
گۆڕستانی شێخ مەعروفی كەرخی دەكەوێتە ناوەڕاستی بەغدا و لە سەردەمی یەكەمی عەباسییەكاندا بنیات نراوە و بە یەكێك لە كەتوارە سەرەكییەكانی شارەكە و شوێنەوارێكی مێژوویی بەغدا دادەندرێت، بەڵام حكوومەتی فیدراڵی بە ناوی دروستكردنی شەقامێكی نوێوە، دەست بە ڕووخاندنی دەكات.
جێی باسە پێشتر حكوومەتی فیدراڵی دەستی بە روخاندنی بەشێكی گۆڕستانەكە كردبوو، بە ناوی هەوڵەكانی كەمكردنەوەی قەرەباڵغیی لەناو شارەكە.
بەپێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی عێراقیش، دانیشتوانی بەغدا دەستیان بە ناڕەزایی دەربڕین كردووە لە دژی رووخاندنی شوێنەوارێكی شارەكەیان و هەڕەشەی خۆپیشاندانی بەرفرەوان دەكەن لە دژی بڕیاری رووخاندنی گۆڕستانەكە.
بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی عێراق لە وەڵامی ناڕەزاییەكانی خەڵكدا گوتوویەتی كە گۆڕستانەكە موڵكی دەوڵەتە و دەتوانن بەپێی یاسا و بە پشت بەستن بە فتوای ئایینی، بیڕوخێنن.