بەگوێرەی راپرسیەک زۆربەی ژنان و لاوانی ئەمریکا دژی هێرشەکانی ئیسرائیلن بۆسەر غەززە

لەسەدا ٥٢ی ژنانی ئەمریکا و ٦٧ لەسەدی لاوانی ئەو وڵاتە، پشتیوانی لە هێرشەکانی ئیسرائیل ناکەن.
بە پێی ڕاپرسییەک کە کۆمپانیای توێژینەوەی گالۆپ لە ئەمریکا ئەنجامی داوە، زۆربەی ژنان و لاوانی ئەمریکا پشتیوانی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە ناکەن.
لە ڕاپرسییەکەدا هەزار و ١٣ تاکی ئەمریکایی وەرگیراون و پرسیاری ئەوەیان لێکراوە کە ئایا پشتیوانی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەکەن یان نا.
بە پێی ئەنجامی ڕاپرسییەکە، لەسەدا ٥٢ی ژنانی ئەمریکا و ٦٧ لەسەدی لاوانی ئەو وڵاتە و ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٣٤ ساڵە، پشتیوانی لە هێرشەکانی ئیسرائیل ناکەن.
لەسەر ئاستی حزب، لەسەدا ٦٣ی ئەندامانی دیموکرات کە بەشداری ڕاپرسییەکە بوون هێرشەکانی ئیسرائیل بە باش نازانن و لەسەدا ٣٦یش پشتیوانیان لەو هێرشانە کردووە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە لەسەدا ٧١ی کۆمارییەکان لەم ڕاپرسییەدا هێرشەکان بە باش دەزانن و لەسەدا ٢٣یان دژی هێرشەکان وەڵامیان داوەتەوە.
بە پێی ڕاپرسییەکە، لەسەدا ٦٧ی بەشداربووان لە یارمەتییەکانی سەربازیی و مرۆیی ئەمریکا ڕازین و لەسەدا ٣١ی ئەمریکییەکان پێیان وایە کە وڵاتەکەیان زۆر زیاتر لە ئاستی پێویست یارمەتی ئیسرائیلی داوە.
سەرچاوە: AA
