جیهانکوردستانگرنگ

هێرشبەرێکی کورد رەتیدەکاتەوە یاری بۆ هەڵبژاردەی تورکیا بکات

دێنیز ئونداڤ، هێرشبەری کوردی خەڵکی شاری روهای باکووری کوردستان و یانەی شتوتگارتی ئەڵمانی، یارییکردن بۆ هەڵبژاردەی تورکیا رەتدەکاتەوە و دەیەوێت لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا یاریی بکات.

ماڵپەری فۆتۆسپۆری تورکی هەواڵێکی لەبارەی ئەو هێرشبەرە کوردەوە بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی “دێنیز ئونداڤ بەهۆی ئەوەی بەڕەچەڵەک کوردە، هەڵبژاردەی تورکیای رەتکردووەتەوە و ئەو بەردەوامە لە راکێشانی هەست و سۆزەکان لە شتوتگارت.”

بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لەم وەرزەدا پێشکێشی دەکات، هەڵبژاردەی تورکیا کە لەلایەن ڤیچێنزۆ مۆنتێلای ئیتاڵییەوە راهێنەرایەتیی دەکرێت، دەیەوێت یاریزانەکە بانگهێشت بکات و لە یۆرۆی 2024 پشتی پێببەستێت، بەڵام ئونداڤ رازی نییە بەدرێسی تورکیاوە یاریی بکات.

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، یولیان نایگێلسمان، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، چاودێریی تواناکانی هێرشبەرە کوردەکە دەکات، بۆ ئەوەی بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەکە بانگهێشت بکات، بەتایبەت کە ئەڵمانیا لە رووی هێرشبەرییەوە کێشەی هەیە و بۆ یۆرۆی 2024 کە خۆیان میوانداریی دەکەن دەیانەوێت بەباشترین شێوە دەربکەون.

ئەگەر هێرشبەرە کوردەکە بەردەوامبێت لە گۆڵ تۆمارکردن لەگەڵ یانەی شتوتگارت، بە ئەگەری زۆرەوە مانگی ئاداری داهاتوو بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەکرێت بۆ ئەوەی دوو یاریی ئامادەکاری بکەن و خۆیان بۆ یارییەکانی یۆرۆی 2024 ئامادەبکەن.

پێشتر نایگێلسمان پەیوەندیی بە دێنیز ئونداڤەوە کردووە و گفتوگۆیان بەیەکەوە کردووە، راهێنەرەکە بە تواناکانی یاریزانەکە سەرسامە و ئەگەری هەیە لە کۆتاییدا بانگهێشتی بکات.

پێشتر لەبارەی ئەگەری بانگهێشتکردنی بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، دێنیز ئونداڤ گوتبووی “ئەمە بۆ من زۆر مانای هەیە، ئەمە تاکە شتە کە لە ژیانی وەرزشیمدا نەمبینیووە، ئەویش یارییکردنە بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی، چی لەوە باشترە کە بۆ وڵاتەکەت یاریی بکەیت؟ شانازی بەوەوە دەکەم.”

دێنیز ئونداڤ، خەڵکی روهای باکووری کوردستانە، تەمەنی 27 ساڵە، یاریزانی یانەی برایتنی ئینگلیزییە، بەڵام بەشێوەی خواستن لە یانەی شتوتگارتی ئەڵمانی یاریی دەکات.

گۆڵکارەی شتوتگارت، تاوەکو ئێستا بۆ هیچ هەڵبژاردەیەک یاریی نەکردووە، لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی تورکیا و ئەڵمانیا دەکرێت یەکێکیان هەڵبژێرێت، بەڵام ویستی ئەو یارییکردنە بۆ مانشافت.

ئونداڤ، ئەم وەرزە چاوی زۆری لەسەرە، بەتایبەت کە لەم وەرزەی بوندێسلیگادا 10 یاریی ئەنجامداوە و 8 گۆڵی بۆ یانەکەی تۆمارکردووە.

سەرچاوە: رووداو

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button