کوردستانگرنگ

وردەکاریی لێخۆشبوونی قەرزێکی سەر هاووڵاتییان ئاشکرا دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان، وردەکاریی لێخۆشبوونی 15%ی قەرزی ئاوی هاووڵاتییان ڕوون دەکاتەوە و دەشڵێت: “زیاتر لە 160 هەزار هاوبەشی ئاو پێشتر لە لێخۆشبوونی قەرزەکە سوودمەند بوونە و نزیکی 9 ملیار دینار لێخۆشبوونیان بۆ کراوە.”

دوێنی چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە كۆبوونەوەی خۆیدا، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران، پێشنیازی لێخۆشبوون و داشكاندنی 15%ی قەرزی کرێی ئاوی پەسەند كرد، بەو مەرجەی لە ماوەی 90 ڕۆژدا بدرێتەوە.

ئاری ئەحمه‌د، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: “لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانییەوە، بەفەرمی نووسراومان كردبوو بۆ ئەوەی لێخۆشبوونی قەرزی ئاو بکرێتەوە، دوای پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک لە لایەن وەزیری شارەوانی، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا 15%ی لێخۆشبوون لە کرێی ئاودا بکرێت.”

ئاماژەی بەوەش دا: “داوامان کردبوو چوار مانگ بڕیارەکە بەردەوام بێ، ئێستاش بڕیار لەسەر 90 ڕۆژ دراوە.”

دوا لێخۆشبوون لە قەرزی ئاو، كە 15% بوو، لە مانگی 6ی ساڵی 2023 كۆتایی بە وادەكە هات.

ئاری ئەحمه‌د روونیشی كردەوە، پێشووتر لە ماوەی دوو ساڵدا پێنج جار لێخۆشبوون لە پارەی ئاودا كراوە گوتیشی: “زیاتر لە 160هەزار هاوبەشی ئاو پێشتر لە لێخۆشبوونی قەرزەکە سوودمەند بوونە و نزیکی 9 ملیار دینار لێخۆشبوونیان بۆ کراوە.”

بەپێی داتاکان، سەرووی 400 ملیار دینار قەرزی ئاو لە هەموو هەرێمی كوردستان لای هاوبەشانی ئاو هەیە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو دەشڵێت: “ئەوەی قەرزی ئاوی هەیە بۆ سوودمەند بوون لە بڕیارە تازەکە، دەبێت سەردانی فەرمانگەکانی ئاو بکات و ئامادەیی پیشان بدات، هەموو قەرزەکەی لەسەر یەک بداتەوە، ئەوکات ڕاستەوخۆ 15%ی لێخۆشبوونی بۆ دەکرێت.”

ئاری ئەحمەد دووپاتی كردەوە، پێشووتر قەرزی ئاو دەكرایە چوار قیست، بەڵام ئێستا لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان زیاد كراوە بۆ شەش قیست و ئەوەش بەپێی میکانیزمی خۆی بەردەوام دەبێت.

سەرچاوە: باس نیوز

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button