ژمارەی قوربانییانی ھێرشەکانی ئیسرائیل لە غەززە بەرزبووەوە

ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا ئەنجامیداون ٩٣٠ کەس زیادی کردووە و بەرزبووەتەوە بۆ ١٧ ھەزار و ١٧٧ کەس.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، ئەشرەف قودرا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا زانیاریی سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل خستەڕوو کە درێژەیان هەیە.
قودرا باسی لەوە کرد کە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ٩٣٠ فەڵەستینی لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون و، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ٣٥٠ تەرم و ٩٠٠ بریندار گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان.
هەروەها قودرا ئاماژەی بەوە کرد تێکڕای ژمارەی ئەوانەی لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا کوژراون بەرزبووەتەوە بۆ ١٧ هەزار و ١٧٧ کەس، ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە ٤٦ هەزار کەس.
ئەو بەرپرسە فەڵەستینییە ئەوەیشی خستەڕوو کە هێزەکانی ئیسرائیل بە ئەنقەست ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەکەنە ئامانج.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە قودرا، باسی لەوەیش کرد کە ڕێژەی پڕی لە نەخۆشخانەکانی غەززەدا گەیشتووەتە سەدا ٢٠٦.