کوردستانگرنگ

ئەنجومەنی وەزیران بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبا چەند بڕیارێک دەردەکات

رۆژی چوارشەممە 12/13، بە سەرپەرشتیى سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لەبڕگەی سێیەممی کۆبوونەوەکەدا کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە بارودۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان و گرفتی کوژانەوەی گشتی لە سیستەمی کارەبای هەرێم کە ڕۆژی 11/30 ڕوویدا و هەوڵ و پرۆژەکانی وەزارەت بۆ زیادکردنی بەرهەم و گەڕانەوە بۆ بەرنامەی ئاسایی پێدانی کارەبا و بابەتی پرۆژەی پریپەید و نرخەکەی خستەڕوو. 

وەزیری کارەبا لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی به‌وه‌ دا کە ئێستا 3473 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت و ڕەوشی کارەبای نیشتیمانی دوای کوژانەوەی گشتی، ئاسایی بووەتەوە و یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و دەمژمێرەکانی هەبوونی کارەبای نیشتیمانی لە نێوان 8 بۆ 10 دەمژمێرە.

وەزیری کارەبا هەروەها باسی لە هەوڵ و پڕۆژە بەردەوامەکانی وەزارەت کرد بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی سوودوەرگرتن لە یەکەکانی کۆمباین سایکڵی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کوژانەوەی گشتی کە بابەتەکە تەنیا کێشەیەکی تەکنیکی بووە و ئەم جۆرە کێشە تەکنیکیيانە لە زۆر شوێنی دونیا ڕوو دەدەن، هەروەها ئەو دەنگۆیانەی بە ناڕاست دانا کە هەرێمی کوردستان لە وزەی کارەبای بەرهەمهاتووی نیشتیمانىی خۆی بە ناوچەکانی دیکەی عێراق دەفرۆشێتەوە، بەڵکوو ڕوونیکردەوە کە بەرهەمی کارەبای هەرێم، دادپەروەرانە بەسەر سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت. 

دواتر چەند پێشنیار و داواکاريیەک لە کۆبوونەوە خرانە ڕوو بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبای نیشتیمانی و بەرگرتن لە ڕوودانی کوژانەوەی گشتیى یەکەکان و کەمکردنەوەی ڕێژەی بەفیڕۆچوونی کارەبای بەرهەمهاتوو، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابووری و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست سەبارەت بە دابینکردنی پێداویستیيەکان و تەرخانکردنی بودجەی پێویست، وەزارەتی کارەباش ڕاسپێردرا کە بەردەوام بن لە هەوڵ و پرۆژەکانیان بە ئاراستەی چارەسەركردنی کێشەکان بە مەرجێک بارگرانی لە ئەستۆی هاووڵاتیان دروست نەکرێت و هەروەها پێویستە وەزارەت برەو بە هەوڵەکانیان بدەن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی وزەی کارەبای جێگرەوە پشت بەست بە سەرچاوەی پاک بە تایبەتیش سەرچاوەی وزەی خۆر. 

سەبارەت بە سیستمی پریپەیدی پێدانی پارەی کارەبا، وەزارەتی کارەبا ئەوەی خستەڕوو کە ئەم پڕۆژەیە لەسەر حیسابی هیچ پارێزگا و گەڕەک و ناوچەیەکی کوردستان نییە، بەڵکوو وەزارەت بە دادپەروەرانە بڕی کارەبای بەرهەمهاتوو دابەش دەکات و ئەم پڕۆژەیە، تەنیا شێوازی پێدانی پارەی کارەبایە، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە پڕۆژەی پریپەید نابێت بارگرانی لەسەر دارایی هاووڵاتییان دروست بکات و ئامانج لێی  کۆکردنەوەی داهاتە بە شێوازێکی هاوچەرخانە تاکوو داهاتەکە بخرێتەوە خزمەتی پڕۆژەکانی زیادکردنی وزەی کارەبای نیشتیمانی و خزمەتگوزارییەکە و بەکارهێنانی کارەبای بەرهەمهاتوو بەشێوەیەکی ئابووریانەتر کە دەمژمێری زیاتر کارەبا دابین بکات.

هەروەها داوا لە هاووڵاتییانیش دەکات کە هاوکار و یارمەتیدەری حکومەت بن لە ڕێگەی كەمكردنەوەی زیادبەكارهێنانی كارەبا و دانی ڕسوماتی کارەبا بەشێوەیەکی ڕێک و بەردەوامی، بۆ ئەوەی حکومەتیش بتوانێت بەشێکی خەرجییە زۆرەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دابین بکات و کارەبا بە باشی بە هاووڵاتییان بدات.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button