کوردستانگرنگ

راگەیەندراوێک لە دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی بە بۆنەی كۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان و بەشداریی کاریگەری دانیشتوان و کوردانی ناوچە کوردستانییەکان بڵاوكردەوە و رایگەیاند، “ئەم هەڵبژاردنە نەخشەی کوردستانی بە ئامانەتەوە گەیاندەوە چیای حەمرین”.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە: “بە بۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردن و بەشداریی کاریگەری دانیشتوان و کوردانی ناوچە کوردستانییەکان و بەدەستهێنانی ڕێژەیەکی باشی دەنگ و کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، پیرۆزبایی گەرمتان لێ دەکەین، ئەم ئەنجامانە کوردستانیبوونی ناوچەکان جارێکی تر کرد بە ڕاستی و هیچ دەرفەتێکی لە بەردەم ئەو جۆرە بیرکردنەوە و عەقڵە شۆڤێنییانە نەهێشتەوە کە هەمیشە بە پلان و ئەجندای جیاوازەوە لە هەوڵی تێکدانی ناسنامەی کوردستانیبوونی ئەو ناوچانەدا بوون.”

هەروەها دەڵێ: “ئێمە لە دوای دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن بە ئومێدێکی زۆرەوە چاوەڕوانی داهاتووی باشتر بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکەین و هیوادارین سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانیش بە دیدی هاوبەش و کاری پێکەوەیی خەبات بکەن لە پێناو پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی لە تەوای ناوچەکان و بە یەکگرتوویی و خیتابێکی کوردستانی هەنگاوەکانی داهاتوویان بینا بکەن.”

هەروەها هیواخوازن ئەم ئەنجامانە کۆتایی بە تەعریبی نوێ و داگیرکاری ناڕەوا بهێنێت.

دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە كۆتاییدا دەڵێ: “جارێکی تر پیرۆزبایی گەرمتان لێ دەکەین و ناسنامەی کوردستانیبوونی خۆتان لە وەهمی داگیرکەرانەوە گۆڕی بۆ ڕاستی مێژوویی و نەخشەی کوردستانتان بە ئامانەتەوە بردەوە چیای حەمرین.”

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button