
بەرپرسێکی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، دواخستنی پرۆسەی ھەڵبژاردن لە بەرژەوەندی ھیچ لایەنێکی سیاسی نییە، دەشڵێ: پارتی ئامادەکاری کردووە بۆ ھەڵبژاردن و پێداگرە لەسەر ئەوەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆی بەڕێوەبچێت.
کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان فەرمانی ھەرێمیی دەرکردووە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردن لە مانگی شوباتی ساڵی داھاتوو، بێگومان دەرکردنی ئەو فەرمانە دوای ڕاوێژکردن بووە لەگەل ھێز و لایەنە سیاسیەکان، چونکە ھەر دواخستنێک کاریگەری نەرێنی لەسەر پێگەی ھەرێمی کوردستان دەبێت، لەبەر ئەوەی ھەڵبژاردن مافێکی سەرەتایی ھاووڵاتییانە و پایەیەکی سەرەکی پرۆسەی دیموکراسییە.
بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت: ئێمە وەک پارتی پێشتریش لەگەڵ ھیچ دواخستنێک نەبووین، بەڵام بۆ پاراستنی یەکڕیزی ھێز و لایەنە سیاسییەکان بە ناچاری تەمەنی پەرلەمان درێژکرایەوە و ھەڵبژاردن دواخرا، ئێمە وەک پارتی ھەموو کاتێک و پێش ھەموو کەس و لایەنێک ئامادەین بۆ ھەڵبژاردن و پێداگری دەکەین لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردن کرمانج عەبدوڵڵا گوتی: ھیچ لایەنێکی بەشدار لە ھەڵبژاردن لەو یەک دوو مانگە ئامادەکاری پێناکرێت بۆ بەشداری لە ھەڵبژاردن، بەپێچەوانەوە ئەو لایەنانەی نیازیان ھەیە بەشداری ھەڵبژاردن بکەن پێویستە پێشتر ئامادەکارییان کردبێت، ئێمەیش لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەکاریمان کردووە بۆ ھەڵبژاردن.
لەبارەی مەترسی دواخستنی پرۆسەکە بەرپرسەکەی پارتی ھۆشداری دەدات و دەڵێت: ھەر دواخستنێک ھەبێت لەڕووی یاسایی و سیاسی کاریگەری خراپی ھەیە، تەمەنا دەکەین زیاتر دواناکەوێت، ھەرچەندە وادەی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دیار کراوە و لەسەر ئاستی جیاواز ئامادەکاری ھەیە، بەڵام ئیدی ئەمە عێراقیشە ھەندێک جار ڕووداوی کتوپڕ کاریگەرییان لەسەر پرۆسەکان ..




