
گوتەبێژی حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێک دەلێت: بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگە.
دەقی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
شەوی رابردوو، 30-12-2023، کاژێر 11:45 بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری پیرمام – هەولێر، کە خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی مادی لێ کەوتەوە.
ئەم هێرشە تیرۆریستیە لە لایەن هێزێکی لە یاسادەرچوو بە چاوساخی و هاوکاریی جاش و هاوکارەکانیان بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە، مەترسیدار و شەڕفرۆشتنە.
ئێمە ئەو لایەنانە و حکومەتی فیدراڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر بەم هێرشە ترسنۆکانە، چونکە ئەم گرووپە لە یاسادەرچووانە لە لایەن حکومەتی فیدراڵی بودجە و مووچەیان پێ دەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەر چاوی حکومەتی عێراقەوە هاتووچۆ دەکەن و چەک و مووشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکان.
لەکاتێکدا کە حکومەتی عێراق بێ دەنگ و بێ توانایە بەرامبەریان، بەڵام ئازایە لە بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان و بە هەمان پارە ئەم گرووپانە پارەدار دەکرێن.
چاوەڕوانی وەڵام و هەنگاوی کرداری لە بەڕێز سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی دەکەین لە سزادانی ئەم گرووپانە و هەر وەڵامدانەوەیەکیش لە کات و ساتی گونجاودا بە مافی خۆمان دەزانین. داواش لە هەموو دۆست و لایەنەکان دەکەین کە لەو کردارە تیرۆریستیە بێ دەنگ نەبن و پشتیوانمان بن بۆ هەر بەرپەرچدانەوەیەک کە بە گونجاوی بزانین.
خوای گەورە پشت و پەنامان بێت.



